Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت هێزی ئاسمانی سوریا هێرشە کیمیایـیەکەی سەر خان شەیخونی ئەنجامداوە


لێکۆڵەرەوانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن لەوەتای لە ساڵی 2013 وە شەڕی شەڕی ناوخۆ لە سوریا هەڵگیرساوە، ڕژێمی ئەو وڵاتە 24 هێرشی بە چەکی کیمیایی ئەنجامداوە ، لەوانە هێرشەکەی سەر شاری خان شەیخون.

لێکۆڵەرەکان کە لێکۆڵینەوە لەسەر تاوانەکانی شەڕی ناو سوریا دەکەن، ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاپـۆرتێـکیاندا گوتیان زانیاریـیەکی زۆریان کۆکردووەتەوە کە نیشانی دەدەن هێزی ئاسمانی سوریا لە پشت ئەو هێرشە کیمیایـیە بووە کە بە گازی سارین لە مانگی چواری ئەمساڵدا کرایە سەر شاری خان شەیخون لە پارێزگای ئیدلیبی باکوری ڕۆژئاوای سوریا و بووە هۆی گیان لەدەستدانی بە لایەنی کەم 83 کەس کە یەک لەسەر سێـیان منداڵبوون و هەروەها نزیکەی 300 کەسی دیکە برینداربوون.

حکومەتی سوریا و ڕووسیای هاوپەیمانی ڕەتیدەکەنەوە ئەو هێرشەیان ئەنجام دابێت و دەڵێن ئەوە بۆمبێـکی ناو عەمبارێـکی چەکی ئۆپـۆزسیۆن بووە تەقیوەتەوە لەو کاتەی بۆردومانکراوە.

بەڵام لێکۆڵەرەوان ئەو ئیدیعایەی سوریا و ڕووسیا ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن بەپـێی پاشماوەکانی بۆمبەکە و وێنە سەتەلایتیـیەکان و گەواهی خەڵکی گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی فڕۆکەیەکی جۆری SU-22 کە تەنها هێزی ئاسمانی سوریا لە سوریا بەکاری‌دەهێنێت، لە کاژمێر نزیکەی 6:45 ی بەیانی ڕۆژی 4 ی مانگی چواری ئەمساڵدا چوار بۆمبی هەڵداوە بەسەر شاری خان شەیخون، لەوانە سێ بۆمبی لە جۆری OFAB-100-120 بوون و بۆمبەکەی دیکەیان کیمیایی ڕووسی بووە لەوانەی لە سەردەمی یەکێتی سۆڤێت دروستکراون.

جێی ئاماژەیە ئەمە یەکەم ڕاپـۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە بە فەرمی حکومەتی سوریا بە بەرپـرسیار بزانێت لە هێرشە کیمیایـیەکەی سەر شاری خان شەیخون.

XS
SM
MD
LG