Accessibility links

ئەنجومەنی ئاسایش لە ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان نیگەرانە

  • VOA News

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەیانـنامەیەکی ڕاگەیاند و تیایدا نیگەرانی خۆی دەربڕی لە بەرامبەر ئەو ڕیفراندۆمەی هەرێمی کوردستان بە نیازە لە 25 ی ئەم مانگەدا ئەنجامی بدات.

ئەنجومەنەکە پاش نیوەڕۆی پـێنجشەممە بە دەنگی هەر 15 ئەندامەکەی بەیانـنامەکەی پەسەندکرد و پاشان لە لایەن تێکێدا ئەلێمو باڵیۆزی ئەثیوپیا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ئێستادا سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشە بڵاوکرایەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە:

"ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن لە بەرامبەر شیانی ڕوودانی ناسەقامگیری لە ئەنجامی پـلانی یەک لایەنەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێک لە هەفتەی داهاتوودا.

ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ڕیفراندۆمەکە لە کاتێکدا پـلانی بۆ دانراوە سازبکرێت کە ئۆپەراسیۆنی دژی داعش بەڕێوەدەچێت و هێزە کوردیـیەکان ڕۆڵێـکی گرنگی تیادا دەبینن، وە ڕەنگە کارێکی خراپـیش بکاتە سەر ئەو هەوڵانەی دەدرێن بۆ ئەوەی زیاتر لە 3 ملیۆن ئاوارەی ناوخۆ بە شێوەیەکی سەلامەت و ئارەزوومەندانە بۆ سەر ماڵ‌وحاڵی خۆیان بگەڕێنەوە.

ئەندامانی ئەنجومەنەکە بەردەوامی ڕێزی خۆیان دەربڕی بۆ سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق. داواشیان کرد هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەن، چارەسەربکرێن لە ڕێگەی وتووێژ و ڕێکەوتن بەپـێی دەستوری عێراق و پشتیوانی کۆمەڵی نێودەوڵەتی. ئەندامانی ئەنجومەنەکە پشتیوانی تەواوی خۆیان دەربڕی بۆ هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەیدات لەپـێناو ڕێگەخۆشکردن لەبەردەم ئەنجامدانی وتووێژ لە نێوان لایەنە عێراقیـیەکاندا."

جێی ئاماژەیە ئەنجومەنی ئاسایش لە 5 ئەندامی هەمیشەیی و 10 ئەندامی ناهەمیشەیی پـێکدێت. (ئەمەریکا، ڕووسیا، چین، بەریتانیا، فەڕەنسا) هەمیشەیین و لە ئێستادا (بۆلیڤیا، میسر، ئەثیوپیا، ئیتالیا، ژاپـۆن، کازاخستان، سێنیگال، سوید، ئوکرانیا، ئوروگوای) ئەندامی ناهەمیشەیین.

XS
SM
MD
LG