Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان یارمەتییە مرۆییەکان لە ڕێی تورکیاوە بۆ باکووری سوریا درێژ دەکاتەوە


ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی دووشەممە بە زۆرینەی دەنگ دەنگیاندا لە بەرژەوەندی درێژکردنەوەی ماوەی کراوەیی خاڵی سنووری سەرەکی نێوان تورکیا و باکووری ڕۆژئاوای سوریای ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە، ئەوەش لە پێناو گەیاندنی یارمەتییە مرۆییە گرنگەکان بۆ باکووری سوریا. ڕووسیای هاوپەیمانی سوریا، لە هەنگاوێکی دەگمەندا پشتیوانی لە بڕیارەکە کرد.

دوابەدوای دەنگدانەکە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش وتی خاڵە سنوورییەکە کە یارمەتییە مرۆییەکانی پیادا تێپەڕ دەبێت " هێشتا هێڵێکی گرنگە بۆ ژیانی 4.1 ملیۆن کەس لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا."

ستێفان دوجاریکی وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە زاری گۆتیرێشەوە بڵاویکردەوە دەنگدانەکە " لە کاتێکدایە کە پێویستییەکان بۆ یارمەتییە مرۆییەکان لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە لە ساڵی 2011 دا تاوەکو ئێستا گەیشتوونەتە بەرزترین ئاستەوە، خەڵکی سوریا ڕووبەڕووی وەرزی سەختی زستان بوونەتەوە و پەتای کۆلێراش بڵاوبۆتەوە."

سەرجەم چاوەکان لەسەر ڕووسیا بوون، کە پێشتر خۆی بە دوورگرتووە یاخود دژی بڕیارەکانی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان لەڕێی ئەو خاڵە سنوورییەی نێوان تورکیا و باکووری سوریا دەنگیداوە، ئەوەش بەهۆی ئەو ناوچانەی کە یارمەتییەکانی پیادا تێپەڕ دەبێت لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریادان.

ڕووسیا پێشتر هەوڵیداوە یارمەتییە مرۆییەکان لە تورکیاوە بگەیەندرێنە ئەو ناوچانەی سوریا کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی حکومەتی سوریادان. جێی ئاماژەشە تورکیا پشتیوانی لە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کردووە دژی حکومەتی سوریا.

باڵیۆزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڤاسێلی نیبینزیا وتی بڕیارەکەیان بۆ پشتیوانیکردن لە بڕیارەکەی ئەنجومەنەکە " سەخت " بووە. باکووری ڕۆژئاوای سوریای بە " پەناگەیەک " ناوبرد کە " پڕە لە تیرۆریستان." وتیشی دەنگدانەکە نابێت وەکو گۆڕانکارییەک لە " هەڵوێستی جێگیری " مۆسکۆدا سەیر بکرێت، هەڵوێستی ڕووسیا هەمیشە بەو شێوەیە بووە کە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان لە خاڵە سنوورییەکەوە کە لە ساڵی 2014 دا دەستیانپێکرد بۆ ماوەیەکی کاتین و دەبێت لەو ناوچانەوە بگەیەندرێن کە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریادان.

باڵیۆزی سوریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەسام سەباغ ڕەخنەی لە هەندێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا گرت لەسەر ئەوەی " یارمەتییە مرۆییەکانیان بە سیاسیی " کردووە و وتی سزاکانی ڕۆژئاوا " ئازار و ناڵەی سورییەکانی زیاتر کردووە." وتیشی حکومەتی سوریا " ماندونەناسانە کاریکردووە " بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ سوریا و هەوڵی بۆ گەڕاندنەوەی پڕۆژەکان داوە، کە ڕووسیا داوای کردووە.

مانگی ڕابردوو گۆتیرێش لە ڕاپۆرتێکدا بۆ ئەنجومەنەکە هۆشداریدا لەسەر خراپتربوونی ڕەوشی مرۆیی لە سوریا و وتی ئەگەر ماوەی گەیاندنی یارمەتییەکان لە تورکیاوە بۆ ئیدلبی باکووری ڕۆژئاوای سوریا نوێ نەکرێتەوە ئەوا ملیۆنان هاوڵاتی لەم زستانەدا لە سوریا ڕزگارییان نابێت.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG