Accessibility links

ئەمەریکا و ڕوسیا و چین و فەڕەنسا و بەڕیتانیا دەڵێن هیچ کەسێک ناتوانێت شەڕی چەکی ناوەکی بباتەوە


بەپێی بەیاننامەیەکی هاوبەشی نێوان ئەمەریکا و ڕوسیا و فەڕەنسا و چین و بەڕیتانیا کە کرێملن بڵاویکردۆتەوە، پێنج وڵاتەکە کە سەرجەمیان خاوەنی چەکی ناوەکین ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی دەبێت دووربکەونەوە لە بڵاوکردنەوەی زیاتری چەکی ناوەکی و خۆیان بەدووربگرن لە هەڵگیرسانی شەڕی چەکی ناوەکی.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە پێنج وڵاتەکە کە سەرجەمیان ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانن، پێیان وایە بەرپرسیارێتی سەرەکی ئەوانە کە خۆیان لە شەڕی نێوان ئەو وڵاتانە بەدووربگرن کە خاوەنی چەکی ناوەکین، هاوکات کارکردن لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی دیکەدا بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی ئاسایش.

لە بەیاننامەکەی پێنج وڵاتەکەدا هاتووە دەڵێت " جەخت لەوە دەکەینەوە کە ناتوانرێت شەڕی چەکی ناوەکی ببردرێتەوە و دەبێت هەرگیز ئەو شەڕە نەکرێت."

دەشڵێت " لەبەرئەوەی کە بەکارهێنانی چەکی ناوەکی دەرەنجامێکی زۆر گەورەی لێدەکەوێتەوە، جەختیش لەوە دەکەینەوە کە چەکی ناوەکی تاوەکو ئەو کاتەی دەمێنێت دەبێت تەنها بۆ هۆکاری بەرگریکردن و بەربەست دانان لەبەردەم دوژمنکاری و ڕێگریکردن لە هەڵگیرسانی جەنگ بەکاربهێندرێن."

لەلای خۆیەوە فەڕەنسا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا پێنج وڵاتەکە جەختیان لە سووربوونی خۆیان کردۆتەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەکی ناوەکی. وتیشی بەردەوام دەبن لە هەوڵە تاکلایەن و هەمەلایەنەکان لەوبارەیەوە.

ئەم بەیاننامە هاوبەشەی پێنج وڵاتەکە لەکاتێکدایە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ڕوسیا گەیشتۆتە نزمترین ئاستیەوە لە جەنگی ساردەوە، هاوکات پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و چینیش لە ئاستێکی نزمدان، ئەوەش بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوانیانەوە.

لە مانگی یانزەدا وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لە خەمڵاندنێکدا وتی تاوەکو ساڵی 2027 چین پێدەچێت ببێتە خاوەنی 700 کڵاوەی ناوەکی و تاوەکو ساڵی 2030 پێدەچێت ئەو ژمارەیە بۆ 1000 کڵاوەی ناوەکی زیادبکات.

لەلایەکی دیکەشەوە گرژییەکانی نێوان ڕوسیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لەسەر ئۆکرانیا زیادییانکردووە، ئەمە لەکاتێکدایە ڕوسیا ژمارەی هێزەکانی لەسەر سنووری ئۆکرانیا زیاد کردووە، بەو کارەشی ئۆکرانیا و ڕۆژئاوا و ئەمەریکای نیگەران کردووە. ڕوسیا دەڵێت مافی خۆیەوە لە هەر کوێیەک بیەوێت لەسەر خاکی خۆی هێز بجوڵێنێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG