Accessibility links

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەتوندی سەرکۆنەی کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی دەکات لە میانمار


لە بەیاننامەیەکدا بە کۆی دەنگ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی " بەتوندی سەرکۆنەی کوژرانی سەدان هاوڵاتی مەدەنی کرد لە میانمار کە لەنێویاندا ئافرەت و منداڵیش هەیە ".

لە بەیاننامەکەدا کە بەڕیتانیا دایڕشتووە هاتووە دەڵێت " 15 ئەندامەکەی ئەنجومەنەکە نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن لەسەر خراپبوونی خێرای ڕەوشەکە، هەروەها بەتوندی سەرکۆنەی توندوتیژی دەکەن دژی خۆپیشاندەران و کوژرانی سەدان هاوڵاتی مەدەنی کە ئافرەت و منداڵیشیان تێدایە."

دیبلۆماتکاران دەڵێن چین کە بەتوندی دژایەتی سەپاندنی سزا دەکات بەسەر ئەنجومەنی سەربازی میانماردا، چەند جارێک کۆسپی خستۆتە بەردەم هەوڵەکانی ڕۆژئاوا بۆ سەپاندنی سزا بەسەر بەرپرسانی کودەتاکەدا.

لە ناوەڕۆکی بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشدا دیارە کە چین توانیویەتی ئاماژەدان بە سەپاندنی سزا لاببات، ئەنجومەنەکە لە بەیاننامەکەدا تەنها دەڵێت " ڕەوشەکە لەژێر چاودێرییەکی ورددا دەبێت."

هەروەها چین لە کۆتایی دانوستانەکاندا سەبارەت بە بەیاننامەکە توانی " کوشتنی سەدان هاوڵاتی مەدەنی " بگۆڕێت بۆ " کوژرانی سەدان هاوڵاتی مەدەنی."

یەکێک لە دیبلۆماتکارەکان بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت سەرکەوتنی ئەنجومەنی ئاسایش لەوەدا کە بە " یەک دەنگ " قسە بکات " پەیامێکی زۆر گرنگە " بۆ سوپای میانمار، دانیشی بەوەدانا وڵاتانی ڕۆژئاوا ناچاربوون کۆمەڵێک سازش بکەن بۆ چین تاوەکو بەیاننامەکە دەربچێت.

لەدوای کودەتاکەی میانمارەوە، ئەنجومەنی ئاسایش نەیتوانیوە هیچ بڕیارێک لەسەر میانمار دەربکات و تەنها سێ بەیاننامەی بڵاوکردۆتەوە.

ئەنجومەنەکە ناتوانێت هیچ بەیاننامەیەک دەربکات تەنها بە کۆی دەنگ نەبێت، بۆ دەرکردنی هەر بڕیارێکیش دەبێت زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنەکە پەسەندی بکەن، بەڵام چین مافی ڤیتۆی هەیە و هەر بڕیارێکی بەلاوە پەسەند نەبێت ڤیتۆ دژی بەکاردەهێنێت.

چین کە هاوپەیمانی سەرەکی میانمارە ڕەتی دەکاتەوە دان بەوەدا بنێت کودەتای سەربازی لە میانمار ڕوویداوە، هەموو جارێکیش کە ئەنجومەنەکە هەوڵیداوە بەیاننامەیەک سەبارەت بە ڕەوشی میانمار بڵاوبکاتەوە، چین هەوڵیداوە ناوەڕۆکی بەیاننامەکە سوکتر بکات.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG