Accessibility links

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرزەنشتی هەوڵی کوشتنی کازمی دەکات


ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاگەیاندنێکی بڵاوکردەوە و تیایدا بە توندی هەوڵی کوشتنی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری عێراقی سەرزەنشت‌کرد.

ئەنجومەنەکە ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاگەیاندنەکەی نووسیویەتی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش بە توندی هەوڵی کوشتنی سەرۆک وەزیری عێراق سەرزەنشت دەکەن، وە خۆشحاڵن کە لە هێرشەکەدا پـێوە نەبووە.

هەروەها ئەندامەکان پـشتیوانی خۆیان بۆ سەربەخۆیی و سەروەری و یەکپارچەیی و سەلامەتی خاک و پـرۆسەی دیموکراسی عێراق نوێکردەوە.

دووپاتیشیانکردەوە کە تێرۆرزم بە هەموو شێوەکانیـیەوە یەکێکە لە مەترسیدارترین هەڕەشەکان بۆ سەر ئارامی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.

جەختیشیانکردەوە کە دەبێت ئەنجامدەرانی ئەو کارە "تێرۆرستیـیە قێزەونانە" و پلانداڕێژەرانی و ئەوانەی پارە و پولیان بۆ دابینکردووە لەگەڵ ئەوانەشی سپۆنسەریان کردووە سزابدرێن. داواشیان لە هەموو وڵاتان کرد بەپـێی یاسای نێودەوڵەتی و بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش، چالاکانە لەم بارەیەوە هاوکاری حکومەتی عێراق و هەموو دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی دیکە بکەن.

دووپاتیانکردەوە هەر کارێکی تێرۆرستی کاری تاوانکارین و هیچ پاساوێک بۆ ئەنجامدانی نیـیە، ئێدی هاندەرەکەی هەر چیـیەک بێت و لە کوێ و کەی بکرێت و کێ بیکات.

شایەنی باسە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی گشتی بە توندی هەوڵی کوشتنی سەرۆک وەزیری عێراقی سەرزەنشتکرد.

XS
SM
MD
LG