Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کۆتایی هێنان بە ململانێکانی ناوچەی ساحیل دەکات


ڕێکخراوی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کۆتایی بە شەڕ و پێکدادانەکانی ناوچەی ساحیلی ناوەڕاستی ئەفریقا بهێنن، لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا بەهۆی ململانێکانەوە لەو ناوچەیەدا دەیان هەزاران کەس کوژراون و زیاتر لە 2.5 ملیۆن کەسی دیکە ئاوارە بوون.

داتاکانی پڕۆژەیەک کە چاودێری ململانێکان دەکات دەریدەخات توندوتیژییەکان لە بورکینا فاسۆ و مالی و نایجەر لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2020 دا بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 4,600 کەس.

ئامار و گروپە چاودێرییە نێودەوڵەتیەکانی دیکە و ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەدەن ئاوارەبوون لە ناوخۆی ناوچەی ساحیلی ناوەڕاستی ئەفریقادا لە ئێستادا لەبەرامبەر ساڵی 2013 دا دە هێندە زیادیکردووە. لە 217,000 ەوە زیادیکردووە بۆ 2.1 ملیۆن کەس.

وتەبێژی ڕێکخراوی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆریس چێشیرکۆڤ دەڵێت ئاوارەبوون لە ناوچەی ساحیل بەردەوامە لە زیادبوون، لەکاتێکدا هاوڵاتیانی مەدەنی لەدەست هێرشە توندوتیژەکان هەڵدێن.

وتیشی " گروپە چەکدارییەکان لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 800 هێرشی کوشندەیان ئەنجامداوە. ئەو جۆرە توندوتیژییانە بوونە هۆی ئەوەی 450,000 کەس لەناوخۆی وڵاتەکەدا ئاوارە ببن و زیاتر لە 36,000 کەسی دیکەی ناچارکردووە هەڵبێن بۆ وڵاتانی دراوسێ."

وتیشی " زۆرجار بارودۆخی ئافرەتان و منداڵان لەم توندوتیژییانەدا خراپترینە و کەوتوونەتە ژێر هەڕەشەوە."

وتیشی ڕەوشی سەرانسەری ناوچەکە بەردەوام لە خراپبووندایە، ڕێکخراوە مرۆییەکان دەڵێن زۆر قورس و مەترسیدارە یارمەتی بگەیەنیتە ناوچەکە، ئەرکە مرۆییەکان ڕووبەڕووی مەترسی هێرش و بۆسە و دزینی ئوتومبێلەکانیان بوونەتەوە.

وتی " ئەوەی پێشتر داوامان کردووە و دووبارە داوای دەکەینەوە ئەوەیە پێویستە هەڵوێستێکی ستراتیژی و یەکگرتوو هەبێت بۆ دەستوەردان لە ناوچەی ساحیلدا و تیایدا دڵنیا ببینەوە لەوەی هەوڵە نێودەوڵەتیەکان پشتیوانی لە حکومەتەکان و ئەو وڵاتانەش دەکەن کە پەنابەرانی ناوچەکەیان وەرگرتووە، وەڵامدانەوەیەکی ئاسایشیی ناتوانێت بەتەنها سەرکەوتوو بێت، پێویستی بەوەیە بە هەماهەنگی بێت لەگەڵ ئەرکە مرۆییەکاندا."

ئەوەشی خستەڕوو ڕێکخراوی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕابەرایەتی هەوڵێکی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەزگا تایبەتیەکان دەکات بۆ دابینکردنی پەناگە و خزمەتگوزاری پاراستن بۆ هاوڵاتیانی ناوچەکە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG