Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵ دەدات لەڕێی ئۆکرانیاوە ئامۆنیای ڕووسیا بگەیەنێتە جیهان


دیبلۆماتکارێکی ڕۆژئاوا دەڵێت نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵ دەدات نێوەندگری بکات لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی ئامۆنیای ڕووسیا لەڕێی ئۆکرانیاوە، ئەم هەنگاوەش ڕەنگە ڕێکەوتنەکەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بۆ هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا لە بەندەرەکانی دەریای ڕەشەوە بۆ جیهان جێگیر بکات.

ئامۆنیا پێکهاتەیەکی سەرەکییە لە پەینی نیتراتدا. کاتێک ڕووسیا دەستی بە داگیرکارییەکەی کرد لە ئۆکرانیا، هێڵێکی بۆری گواستنەوەی ئامۆنیا لە هەرێمی ڤلۆگای ڕووسیاوە بۆ بەندەری ئۆدێسای ئۆکرانیا داخرا.

کارئاسانیکردن بۆ هەناردەکردنی خۆراک و پەینی ڕووسیا لایەنێکی سەرەکییە لە ڕێکەوتنەکەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا بۆ دووبارە کردنەوەی بەندەرەکانی ئۆکرانیا لە دەریای ڕەش و هەناردەکردنی گەنمەکەی بۆ بازاڕەکانی جیهان، ڕێکەوتنەکە لە 22 ی مانگی حەوتدا بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تورکیا واژۆ کرا.

لەمدواییانەدا ڕووسیا ڕەخنەی لە ڕێکەوتنەکە گرت و گوتی هێشتا هەناردەکردنی بەرهەمەکانی کۆسپییان لەبەردەمدایە.

نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیاری ئەوەی کردووە گازی ئامۆنیای ڕووسیا لەڕێی هێڵێکی بۆرییەوە بگوازرێتەوە بۆ سنووری نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا. لەوێوە لەلایەن کۆمپانیای بازرگانی ترامۆوە کە بارەگاکەی لە ئەمەریکایە دەکڕدرێت.

بۆرییەکە بە شێوەیەک دروست کراوە کە ساڵانە دەتوانێت 2.5 ملیۆن تەن ئامۆنیا بگوازێتەوە.

بەرپرسی باڵای بازرگانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێبێکا گرینسپان کە ڕابەرایەتی کارئاسانییەکان دەکات بۆ هەناردەکردنی خۆراک و پەینی ڕووسیا، وتی " نەتەوە یەکگرتووەکان هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی دەرەنجامێکی ئەرێنی دەستبکەوێت لەسەر هەناردەکردنی ئامۆنیای ڕووسیا بۆ بازاڕەکانی جیهان."

گرینسپان ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر وردەکارییەکانی ڕێکەوتنەکە بدات و گوتی " هێشتا زۆر زووە " بزانرێت واژۆکردنی ڕێکەوتنەکە نزیکە یاخود نا. وتیشی خۆراک و پەینی ڕووسیا لە بەندەرەکانی ڕووسیاوە هەناردە دەکرێن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG