سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش سیاسەتمەدارێکی ڕوسیای دەستنیشانکرد بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئۆفیسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کە لەمدواییانەدا ئەو ئۆفیسە کرایەوە.
ڤلادیمێر ڤۆرۆنکۆڤی نوێنەری ڕوسیا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ڤیێنا بە ڕۆیتەرزی ڕایگەیاند ڕۆژی سێشەممە چاوی بە گۆتێرێش کەوتووە و ڕۆیتەرزیش هەواڵی دەستنیشانکردنەکەی بڵاوکردەوە.
وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان فەرحان حەق وتی ئەو کارە نوێیەی ڤۆرۆنکۆڤ دابینکردنی سەرکردایەتیەکی ستراتیژی دەبێت لە هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەشداری کردنی دەبێت لە دروستکردنی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا.
فەرحان حەق وتیشی ڤۆرۆنکۆڤ ئەزموونێکی 30 ساڵەی هەیە لە دەزگای سیاسی ڕوسیا کە لەوێ کاری لەسەر بابەتە تایبەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە.
سیاسەتمەدارێکی ڕۆژئاواش کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە وتی " بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر یەکێکە لەو بابەتانەی کە زۆربەی وڵاتان دەیانەوێت لەگەڵ ڕوسیادا کاری لەسەر بکەن."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز