سەرکردەی هێزی ئاشتی پارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی هۆشداریدا و وتی " مەترسییەکی گەورە " هەیە لەسەر کەوتنەوەی ململانێیەکی بەرفراوانتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
جێگری سکرتێری گشتی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ژان پیێر لاکرۆیکس لە بڕۆکسل هۆشداریدا دژی گریمانەکردن سەبارەت بە چۆنێتی ڕەفتارکردنی کارەکتەرەکانی ناوچەکە.
لاکرۆیکس لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەی وەزیرانی بەرگری وڵاتانی یەکێتی ئەوروپادا وتی " ڕەنگە ئەو تێڕوانینە هەبێت کە هەندێک یاسا هەن هیچ کام لە لایەنەکان نایانەوێت پێشێلی بکەن لەبەرئەوە ئێمە لە دۆخێکداین کە جێگیرترە لەوەی بیری لێدەکەیتەوە."
وتی " هێشتا مەترسییەکی گەورە هەیە لەسەر پەرەسەندنی ململانێکان لەسەر ئاستی ناوچەکە، ئێمە هێشتا لە جۆرە دۆخێکی زۆر زۆر مەترسیدارداین."
لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی ناو غەززەوە گرژییەکان لە ناوچەکەدا زیادییان کردووە، خراپتریش بووە بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی حزبوڵای لوبنانەوە لە باشووری لوبنان دژی ئیسڕائیل، کە ڕۆژانە لەگەڵ ئیسڕائیلدا لەسەر سنوورەکە تەقە لە یەکتر دەکەن.
شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە بە هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد کە بووە هۆی کوژرانی 1200 کەس و گرنتی 250 بارمتە.
هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل بۆ سەر حەماس لە غەززە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 40 هەزار فەلەستینی کە زۆربەیان ژن و منداڵن، هەرچەند سوپای ئیسرائیل دەڵێت ژمارەی کوژراوەکان هەزاران چەکداری حەماسیش دەگرێتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە سەدان چەکداری حزبوڵا لەو شەڕەی سەر سنوورەکەدا کوژران، نزیکەی 100,000 کەسیش لە هەردوو دیوی سنوورەکەوە ئاوارەبوون.
لاکرۆیکس هۆشداریدا لەسەر مەترسی پەرەسەندنێکی " بێ مەبەست " یاخود " بە هەڵە لەیەک تێگەیشتن."
وتی " یەکێک لە مەترسییەکان بە تایبەتی لە باشووری لوبنان ئەوەیە کە هەردوولا بە تەواوەتی تێنەگەیشتوون لەوەی ئەوی دیکە لە ڕووی حساباتەوە لە کوێدایە."
لە نێوەندی زیادبوونی گرژییەکاندا، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان مانەوەی هێزە ئاشتی پارێزەکانی لە لوبنان بۆ یەک ساڵی دیکە درێژکردەوە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس