Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: هێرشە موشەکییەکانی ڕووسیا دژی هاوڵاتیانی مەدەنی ئۆکرانیا ڕەنگە بگەنە ئاستی تاوانی جەنگ


کیێڤ، دوای هێرشە موشەکییەکەی ڕووسیا، 10 ی مانگی 10 ی 2022
کیێڤ، دوای هێرشە موشەکییەکەی ڕووسیا، 10 ی مانگی 10 ی 2022

ئۆفیسی کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت هێرشە موشەکییەکانی هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا دژی هاوڵاتیانی مەدەنی و ژێرخانەکانی شارەکانی ئۆکرانیا ڕەنگە بگەنە ئاستی تاوانی جەنگ.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت هێرشە موشەکییەکانی ڕووسیا بۆ سەر نزیکەی دوانزە شاری ئۆکرانیا بە کیێڤ و دنیپرۆ و زاپۆریژاشەوە، بوونەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 20 هاوڵاتی مەدەنی و برینداربوونی زیاتر لە 100 هاوڵاتی دیکە.

چاودێرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن زنجیرە هێرشەکان وادیارە بە هەماهەنگی بووبێت. دەڵێن کات و شوێنی هێرشەکان کە تیایدا خەڵکەکە دەچوون بۆ سەر کارەکانیان و منداڵەکانیان دەبرد بۆ قوتابخانەکان، بە دیاریکراوی توشی سەرسوڕمانت دەکات.

وتەبێژی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاڤینا شەمداسانی وتی ژێرخانە هەستیارە مەدەنییەکان کراونەتە ئامانج، لانیکەم 12 دامەزراوەی وزە کراونەتە ئامانج. وتیشی ڕەنگە ئەم دامەزراوانە زۆر پێویست بن بۆ مانەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی پێش مانگە ساردەکانی وەرزی زستان.


وتی " چیرۆکی خەڵکانی بە تەمەنمان بیستووە کە لە ماڵەکانیان گیرییان خواردووە. کەمئەندامانیش نەیانتوانیوە هەڵبێن، ئەمە بێ ویژدانییە. دەبێت باس لەوە بکەین کە هێرش کردنە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و ئەو دامەزراوانەی کە سەربازیی نین، دەگەنە ئاستی تاوانی جەنگ."

شەمداسانی وتیشی هێرشەکانی ڕووسیا زۆرێک لە بیناکانی نیشتەجێبوون و وێستگەکانی کارەبایان لەناوبردووە. هۆشداریشیدا لەسەر ئەوەی نەبوونی دابینکردنی وزە بە شێوەیەکی جێگیر لە وەرزی ساردی زستاندا دەبێتە هۆی ئەوەی ژیانی خەڵکە لاوازەکە بە تایبەتی بکەوێتە مەترسییەوە.

وتیشی " داوا لە فیدراسیۆنی ڕووسیا دەکەین خۆی بەدوور بگرێت لە هێرشی زیاتر، هەروەها هەموو ڕێوشوێنەکان بگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی و زیان گەیاندن بە ژێرخانی مەدەنی."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG