Accessibility links

ڕێکخراوێک: لە ماوەی سێ مانگدا زیاتر لە 1000 کەس لە شەڕی ناوخۆی لیبیادا کوژراون


ڕێکخراوێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لەوەتای مانگی چوارەوە زیاتر لە 1000 کەس لە شەڕ و پـێکدادانی نێوان ئەو هێزە چەکدارانەی لیبیادا کوژراون کە هەوڵ دەدەن تەرابلوسی پایتەخت کۆنترۆڵبکەن.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ سێشەممە لەسەر تویتەرەکەی نووسیویەتی"لەگەڵ ئەوەی قەیرانی تەرابلوس پـێی ناوەتە مانگی چوارەمیـیەوە، ژمارەی کوژراون گەیشتە 1048 کەس، لەوانە 106 کەسیان سیڤیل بوون، وە 5558 کەسیش برینداربوون کە 289 کەسیان سیڤیلن."

دەشڵێت "ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بەردەوامە لە ناردنی پـزیشکان و پـێداویستی تەندروستی بۆ یارمەتیدانی نەخۆشخانەکان تاوەکو ئەرکی سەرشانیان سووکبکەن. تیمەکانمان لە ماوەی 3 مانگدا زیاتر لە 1700 نەشتەرگەریـیان ئەنجامداوە."

شەڕەکان لە نێوان هێزی ناسراو بە لەشکری نیشتمانی لیبیایە لە دژی چەند گروپـێکی چەکداری هاوپەیمان کە لەگەڵ حکومەتی وڵاتەکەن لە تەرابلوس.

لەشکری نیشتمانی لیبیا لە لایەن جەنەڕاڵ خەلیفە حەفتەرەوە سەرکردایەتی دەکرێت وە میسر و ئیمارات و ڕووسیا پشتیوانی دەکەن. گروپە چەکدارەکانیش سەرکردایەتیـیەکی یەکگرتوویان نیـیە، بەڵام لەلایەن تورکیا و قەتەرەوە یارمەتی دەدرێن.

لە پاش ڕووخاندنی ڕژێمی موعەمەر قەزافی لە ساڵی 2011 ، لیبیا دووچاری بێ سەروبەری بووە، بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنە جیاوازەکانی وڵاتەکە.

XS
SM
MD
LG