نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یەمەن مارتن گریفیث وتی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە یەمەن " لەو شوێنە نیە کە دەبێت ببێت "، ئەمەش سەرەڕای کۆبوونەوە و داواکانی وڵاتانی ناوچەکە بۆ وەستاندنی شەڕ.
گریفیث لە بەیاننامەیەکدا کە دەست دەزگای هەواڵی فرانس پرێس کەوتووە دەڵێت کۆمەڵێک کۆبوونەوەی لە ماوەی هەفتەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتی پەیوەندیداری یەمەنی و ناوچەکە و نێودەوڵەتیدا لە سعودیە و عومان ئەنجامداوە.
ئامانج لە کۆبوونەوەکان ڕێکەوتنێک بووە لەسەر ئاگربەست و ڕاگرتنی هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر شاری مەئرەب کە کۆتا شوێنی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی یەمەنە لە باکووری وڵاتەکەدا، هەروەها ئامانجێکی دیکە لە کۆبوونەوەکان لابردنی کۆتوبەندەکانی سەر بەندەری حودەیدە و کردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سەنعا بووە.
بەڵام گریفیث وتی بەداخەوە کۆبوونەوەکان نەگەیشتن بە هیچ ئەنجامێک.
وتی " زیاتر لە ساڵێکە تاوتوێی ئەم بابەتانە دەکەین، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەمیشە یارمەتیدەر بووە، بەڵام بەداخەوە نەگەیشتووین بە ڕێکەوتنێک. لە هەمان کاتیشدا هاوڵاتیانی مەدەنی بەدەست جەنگەوە دەناڵێنن."
سەرچاوە/ فرانس پرێس