Accessibility links

گۆتیرێش دووبارە داوای کشانەوەی بەکرێگیراو و هێزە بیانیەکان دەکات لە لیبیا


سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕادەستی ئەنجومەنی ئاسایشی کردووە " نیگەرانی خۆی دەربڕیوە " لەسەر ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن " لایەنە بیانییەکان هێشتا لە سەرت و دەوروبەری و ناوەڕاستی لیبیادا بوونیان هەیە."

دەزگای هەواڵی فرانس پرێس ڕاپۆرتەکەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی بەدەست گەیشتووە و واچاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی چوارشەممە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تاوتوێی بکەن، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە کشانەوەی هێواشی هەندێک لە بەکرێگیراوەکان دەدات و دەڵێت ئەوە بەس نیە.

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە هێزە بیانیەکان لە ناوەڕاست و ڕۆژئاوای شاری سەرت کشاونەتەوە و بەرەو ناوچەی وادی هەراوە جووڵاون، وادی هەراوە دەکەوێتە 50 کیلۆمەتر ڕۆژهەڵاتی سەرتەوە.

بەڵام ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش لە ڕاپۆرتەکەیدا نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لەسەر ئەوەی " باس لە کەمکردنەوەی ژمارەی هێزە بیانییەکان و چالاکییەکانیان لە ناوەڕاستی لیبیا نەکراوە."

لە مانگی دوانزەدا نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا نزیکەی 20 هەزار سەرباز و بەکرێگیراوی بیانی لە لیبیادا بوونیان هەیە.

گۆتیرێش وتی " دووبارە داوا دەکەم سەرجەم لایەنە کارا نیشتیمانی و هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان ڕێز لە یاساکانی ڕێکەوتنی ئاگربەست بگرن تاوەکو بەبێ دواکەوتن جێبەجێ بکرێت، ئەوەش مانای ئەوەیە دەبێت بەتەواوەتی پابەندی بڕیاری قەدەغەکردنی ڕەوانەکردنی چەک بن بۆ لیبیا کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دراوە."

لە ڕاپۆرتەکانی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکاندا باس لەوە کراوە هەریەک لە بەکرێگیراوانی ڕوسیا و چاد و سودانی و سوری لە لیبیادا بوونیان هەیە، هەروەها یەکەکانی سوپای تورکیاش لەو وڵاتەدا جێگیرکراون.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG