Accessibility links

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەڵێت هێشتا کۆریای باکور لە چالاکیـیە ناوکیـیەکانی بەردەوامە


ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزەی ئەتۆم دەڵێت کۆریای باکور بەردەوامە لە چالاکیـیە ناوکیـیەکانی سەرەڕای ئەوەی کیم جۆنگ ئون ڕێبەری ئەو وڵاتە لە بەهاری ئەمساڵدا نیازی خۆی بۆ نەهێشتنی چەکی ناوکی لە نیمچە دورگەی کۆریا دەربڕیبوو.

یوکیا ئەمانۆ سەرۆکی ئاژانسەکە لە ڕاپـۆرتەکەی، ئەوەی بڕیارە لە مانگی نۆ پـێشکەشی کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتی ئاژانسەکەی بکات، دەڵێت"بەردەوامبوونی بەرنامەی ناوکی کۆماری کۆریای گەلی دیموکرات و پەرەپـێدانی جێی نیگەرانیـیەکی زۆرە."

هەرچەندە ئاژانسەکە لە مانگی چواری ساڵی 2009 وە پشـکنەرانی لە کۆریای باکور دەرکراون، دەڵێت ئاماژە هەن کە چالاکی پەیوەست بە تاقیگەی کیمیای تیشکدار لەو وڵاتە کراون لە نێوان مانگی چوار و سەرەتای مانگی پـێنجی ئەمساڵ، واتە دوای کۆبوونەوەکەی نێوان ڕێبەری کۆریای باکور و سەرۆکی کۆریای باشور لە مانگی چواردا.

ڕاپـۆرتەکە باس لەوەش دەکات دەزگای یۆنگبیۆن بۆ تاقیکردنەوە ناوکیـیەکان کە لە مانگی دوازدەی ساڵی 2015 وە کاری لێدەکرێت هێشتا بەردەوامە. هەروەها هێشتا کارەکانی دروستکردنی ڕیاکتەری ناوکی ئەوەی بە ئاوی سووک کاردەکات بەردەوامە لەگەڵ لە دەرهێنانی یۆرانیۆم و پـیتاندنی لە دەزگای پـیۆنگسان.

دواتر لە ڕاپـۆرتەکەدا هاتووە ئەم جۆرە کارانە جێی مەخابنێکی زۆرن، بەو پـێـیەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پـێشێل دەکەن. ئەمانۆ ئامادەیی ئاژانسەکەی دەربڕی بۆ دەسـتکردنەوە بە کارەکانی پشـکنین لە زوترین کاتدا و جارێکی دیکە داوای لە کۆریای باکور کردەوە بە تەواوی پابەندی وابەستە نێودەوڵەتیـیەکانی بێت.

XS
SM
MD
LG