Accessibility links

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سزای نوێ بەسەر کۆریای باکور دەسەپـێنێت


ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێـکی دەرکرد بۆ توندکردنی سزا نێودەوڵەتیـیەکان لەسەر کۆریای باکور، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر تاقیکردنەوە ناوکیـیەکەی لە مانگی نۆی ڕابردوو ئەنجامی دا.

هەر 15 ئەندامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمڕۆ چوارشەممە بڕیارەکەیان پەسەندکرد کە لە لایەن ئەمەریکاوە داڕێژرابوو و ماوەی نزیکەی سێ مانگی ویست هەتا توانرا بە شێوازێـک بێت کە چین قبوڵی بکات و مافی ڤیتۆ لە دژی بەکار نەهێنێت.

بەپـێی سزا نوێـیەکان لە 1 ی مانگی یەکی ساڵی داهاتووەوە هەناردەی خەڵوزی بەردینی کۆریای باکور سنوورداردەکرێت و ناتوانێت چیتر ساڵانە زیاتر لە بەهای 400.9 ملیۆن دۆلار یان 7.5 ملیۆن تۆن خەڵوز بفرۆشێت، واتە بەراورد بە ساڵی 2015 بە ڕێژەی 62% ی هەناردەی خەڵوزی بەردینی کەم دەکرێتەوە.

بان کی مون سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرەتای دانیشتنی ئەنجومەنەکە گوتی سزاکان توند و گشتگیرن و پەیامێـکی ڕوون و ئاشکرا بە کۆریای باکور دەدات.

ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کۆریای باکور دوو تاقیکردنەوەی ناوکی لە مانگی یەک و مانگی نۆ ئەنجامداوە لەگەڵ بە لایەنی کەم 25 تاقیکردنەوەی موشەکی بالستی، ئەمەش سەرەڕای بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.

باسی لەوەش کرد بەردەوامبوونی حکومەتی ئەو وڵاتە لە بەرنامە لەشکریـیەکانی، جێی مەترسیـیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و هەوڵی کۆمەڵی نێودەوڵەتی بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ناوکی. داواشی لە ڕژێمی ئەو وڵاتە کرد واز لە کارە ئیستفزازیـیەکانی بهێنێت و پابەندی بڕیارە نێودەوڵەتیـیەکان بێت.

لە ئێستادا چین کە دۆستی کۆریای باکورە و تاکە وڵاتە خەڵوزی بەردینی لێ بکڕێت، سزا نوێـیەکانی پەسەندکرد.

کاربەدەسـتانی ئەمەریکا دەڵێن ئەگەربێت و سزاکان بە تەواوی جێبەجێ بکرێن، ئەوا زیاتر لە 700 ملیۆن دۆلار لە داهاتی ساڵانەی کۆریای باکور کەم دەبێتەوە کە زیاتر بۆ پەرەپـێدانی توانا لەشکریـیەکانی بەکاری دەهێنێت.

XS
SM
MD
LG