نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکان دەکات " دەستبەجێ " کۆتایی بە توندوتیژییەکانی نێوانیان بهێنن، ئەمەش دوای کەوتنەوەی گرژی لە نێو فەڵەستینییەکاندا دوابەدوای هێرشێکی ئیسڕائیل لە کەناری ڕۆژئاوا.
هێزەکانی ئاسایشی دەسەڵاتی فەڵەستینییەکان لە شاری نابلوسی کەناری ڕۆژئاوا گازی فرمێسک ڕژێنییان بەکارهێنا دژی کۆمەڵێک کە بەشدارییان لە پرسەی یەکێک لەو چەکدارانەی حەماسدا دەکرد کە لە هێرشەکەی ڕۆژی سێشەممەدا کوژرا.
نوێنەری ئاشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆر وینیسلاند لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئێمە لە نێوەندی بازنەیەکی توندوتیژییداین کە دەبێت دەستبەجێ بوەستێت."
وتیشی " ئەنجومەنی ئاسایش بە یەک دەنگ قسەی کردووە، داوا لە لایەنەکان دەکات ئارام بن و دان بە خۆیاندا بگرن، هەروەها خۆیان بە دووربگرن لە ئەنجامدانی کاری وروژێنەرانە و لێدوانی هاندان و گرژی خستنەوە."
ڕۆژی سێشەممە عەبدل فەتاح حسێن خروشە و پێنج فەڵەستینی دیکە لە ماوەی شەڕێکی سەختدا لەگەڵ هێزەکانی ئیسڕائیل لە جنین کوژران، کە دەکەوێتە باکووری کەناری ڕۆژئاواوە و بەردەوام شەڕ و پێکدادانی تێدایە.
سوپای ئیسڕائیل دەڵێت خروشە " چەکدارێکی تیرۆریست " بووە و گومانی لێکراوە لە 26 ی مانگی دوودا دوو هاوڵاتی ئیسڕائیلی لە شارۆچکەی هوارەی فەڵەستینییەکان کوشتبێت.
لە مانگی یەکدا دوابەدوای هێرشێکی دیکەی ئیسڕائیل لە جنین، دەسەڵاتی فەڵەستینییەکان ڕایگەیاند کۆتایی بە هاریکاریی ئاسایش دەهێنێت لەگەڵ ئیسڕائیلدا.
دەسەڵاتی فەڵەستینییەکان لەلایەن پارتەکەی سەرۆکی دەسەڵاتەکە مەحمود عەباسەوە کۆنتڕۆڵ کراوە و ڕکابەری حەماسە.
دەزگای هەواڵی وەفای فەڵەستینییەکان بڵاویکردەوە وتەبێژی دەزگای ئاسایشی فەڵەستینییەکان تەڵاڵ دویکات دەڵێت ئەو ئەفسەرانەی کە پرسەکەیان پاراستووە کاتێک دەستیان وەرداوەتە دۆخەکەوە کە دەمەقاڵەیەک دروست بووە دوای ئەوەی " چەند کەسێک کە پەیوەندییان بە بنەماڵەی شەهیدەکەوە نەبووە لاشەکەیان ڕفاندووە و نزمییان کردۆتەوە بۆ سەر زەوی."
وتەبێژی حەماس عەبدول لەتیف ئەل قانو سەرکۆنەی " توندوتیژییەکانی " ئەفسەرەکانی دەسەڵاتی فەڵەستینی کرد و وتی " ئەو کارەیان ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە دەسەڵاتی فەڵەستینی بەشێکە لە پلانەکە بۆ سەرکوتکردنی بەرخۆدان."
وتیشی سەرکردایەتی دەسەڵاتی فەڵەستینییەکان " بە پێچەوانەی شەپۆلەکەوە دەڕوات و دژی ئیرادەی گەلەکەمانە."
سەرچاوە/ فرانس پرێس
نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات دەستبەجێ کۆتایی بە توندوتیژییەکانی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینییەکان بهێندرێت
