Accessibility links

سەرۆکی عێراق: ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان گرنگە لە مەسەلەی کەرکوکدا


سەرۆکی عێراق دەڵێت ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان گرنگە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، بە تایبەتی مەسەلەی کەرکوک و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان.

بەرهەم ساڵح ئەمڕۆ چوارشەممە لە میانەی وتارەکەی لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک گوتی" دۆخێکی ئەرێنی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانی نێوان حکومەتی فیدرالی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستور، وە ڕۆڵی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغدا گرنگە لەم ئاستەدا، بە تایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بە مەسەلەی کەرکوک و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان، وە هەروەها لە یارمەتیدان لە دۆزینەوەی چارەسەرەکان بەپـێی دەستورەکەمان."

لە بەشێکی وتارەکەی باسی لە هەوڵەکان کرد بۆ بنیادنانەوەی عێراق و گوتی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر حکومەتی عێراق بڕیاری لەسەر پـرۆژە یاسایەک داوە بۆ پـێکهێنانی ئەنجومەنی ئاوەدانکردنەوە، وە لەگەڵ سەرۆک وەزیری عێراق پـێکەوە پـرۆژەکە پـێشکەشی پەرلەمان دەکەن.

باسی لە شەڕی دژی داعش کرد، گوتی داعش پـلانێکی قێزەوەن بوو بۆ وێرانکردنی عێراق و ناوچەکە. گوتیشی سەرکەوتنی لەشکری بەسەر داعش گرنگە، بەڵام هۆشداری دا لەوەی داعش هەوڵ دەدات خۆی ڕێکبخاتەوە.

سەبارەت بە گرژیـیەکانی ناوچەکە، بەرهەم ساڵح گوتی نایانەوێت عێراق ببێتە لایەنێک لە ناکۆکیـیەکان لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی و هەروەها نایانەوێت عێراق ببێتە مەیدانێک شەڕ.

XS
SM
MD
LG