Accessibility links

لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانی دەکرێت


حەیدەر قوربانی
حەیدەر قوربانی

ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر کەیسی حەیدەر قوربانی هاتە دەنگ و داوای لە کاربەدەستانی ئێران کردووە بڕیاری لەسێدارەدانی ئەم زیندانیـیە کوردە هەڵبوەشێنێتەوە.

ئۆفیسی کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیاندنێکدا نووسیویەتی شارەزایانی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە ئێران دەکەن حەیدەر قوربانی لەسێدارە نەدات و ئەو بڕیاری لەسێدارەدانەی بۆی دراوە هەڵبوەشێنرێتەوە بەهۆی هەبوونی نیگەرانی جدی لە بەرامبەر دادگایـیکردنەکەی بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە و ئەشکەنجەدانی لە کاتی دادگایـیکردنەکەیدا.

شارەزاکان گوتوویانە"دەبێت دەسەڵاتدارانی ئێران دەستبەجێ هەوڵی لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانی ڕابگرن و حوکمی لەسێدارەدانەکەی هەڵبوەشێننەوە، وە وەک پابەندبوون بە وابەستەیـیە نێودەوڵەتیـیەکان جارێکی دیکە دادگایی بکەنەوە."

لە ڕاگەیاندنەکەدا نووسراوە، حەیدەر قوربانی تەمەن 48 ساڵ لەوەتای مانگی دەی ساڵی 2016 دەستگیرکراوە لەسەر کەیسێکی پەیوەست بەوەی وەک دەڵێن 3 ئەندامی هێزی بەسیج بە دەستی کەسانی سەر بە کۆمەڵێک چەکداری ئۆپـۆزسیۆن کوژراون. لە پاش دەستگیرکردنەکەی بۆ ماوەی 3 مانگ بێ سەروشوێن کراوە و هیچ لە بارەیەوە بە کەسوکاری نەوتراوە. دەڵێن خراوەتە زیندانی تاکە کەسیـیەوە و ئەشکەنجەدراوە و بە خراپی مامەڵەی لەگەڵدا کراوە.

شارەزاکان دەشڵێن زۆر نیگەرانن لەوەی حەیدەر قوربانی لە ژێر ئەشکەنجەدان و خراپی ڕەفتارکردن لەگەڵیدا ئەو دانپیادانانەیان لێوەرگرتبێت. هەروەها نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لە بارەی ئەو ڕاپـۆرتانەی باس لەوە دەکەن حەیدەر قوربانی ڕێگەی پـێنەدرابوو لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا پەیوەندی بە پارێزەرێکەوە بکات و پاشان پارێزەرەکەی مافی ئەوەی نەبووە دەستیبگات بە تەواوی فایلەکانی کەیسەکە لە کاتی دادگایـیکردنەکەدا.

لە مانگی دەی ساڵی 2019 ، دادگایەکی تاوانەکان حەیدەر قوربانی بە تاوانبار دانا بەوەی گوایە یارمەتی داوە و هەروەها هانی داوە بۆ کوشتن و هەوڵی ڕفاندن و یارمەتیدانی ئەنجامدەرانی هێرشەکە لە هەڵهاتن. لەو دادگایەدا بە 118 ساڵ و 6 مانگ حوکمی زیندانی درا.

لە مانگی دووی ساڵی 2020 ، دادگایەکی شۆڕش لە ئوستانی کوردستان حەیدەر قوربانی تاوانبارکرد بە "بەغی" واتە یاخیبوونی چەکداری لە دژی دەوڵەت، بەمەش حوکمەکەی کرا بە لەسێدارەدان کە هەرچەندە دادگاکە لە بڕیارەکەی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات حەیدەر قوربانی هەرگیز چەکدار نەبووە.

بەپـێی یاسای تاوانەکانی ئێران، تاوانی "بەغی" ئەوەیە تۆمەتبارەکە ئەندامی کۆمەڵێکی چەکداربێت و چەکی هەڵگرتبێت. لە کاتی دادگایـیکردنەکەدا حەیدەر قوربانی هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە کە ئاڕاستەی کرابوون، گوتی ئەندامی هیچ ڕێکخراوێکی سیاسی کوردی نەبووە و هیچ چەکی پێنەبووە لەو کاتەی ئەو کەسانە کوژراون.

لە مانگی هەشتی ساڵی 2020، دادگای باڵای ئێران حوکمی لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانی پەسەندکرد. لە مانگی نۆی 2020 و لە مانگی هەشتی 2021 دادگای باڵا داواکانی حەیدەر قوربانی بۆ پـیاداچوونەوە بە بڕیاری لەسێدارەدانەکەی ڕەتکردەوە. بۆیە شیانی هەیە لە هەر ئان و ساتێکدا لەسێدارەبدرێت.

XS
SM
MD
LG