Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت کارئاسانی بۆ سەردانی پشکنەرە نێودەوڵەتییەکان بکات بۆ وێستگەیەکی ناوەکی ئۆکرانیا


وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا
وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا

وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ستێفان دوجاریک دەڵێت ئەگەر ڕووسیا و ئۆکرانیا ڕازی ببن ئەوا نەتەوە یەکگرتووەکان توانای لۆجیستیکی و ئاسایشیشی هەیە بۆ پشتیوانیکردن لە سەردانی پشکنەرەکانی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی بۆ وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا.

دوجاریک گوتی " سکرتارییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەسەڵاتی ئەوەی نیە ڕێگری لە هیچ چالاکییەکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی بکات یاخود هەڵیبوەشێنێتەوە."

ئەم لێدوانەی دوجاریک وەڵامێک بوو بۆ ئەو تۆمەتانەی ڕووسیا ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردبوو کە گوایە ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێگەی نەداوە پشکنەرەکانی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی سەردانی وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا بکەن کە گەورەترین وێستگەی لەو جۆرەیە لە ئەوروپادا. ڕووسیا لە مانگی سێدا لەمیانەی داگیرکارییەکەیدا لە ئۆکرانیا دەستی گرت بەسەر وێستگەکەدا.

گوتیشی " لە پەیوەندییەکی نزیکدا لەگەڵ دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی، سکرتارییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان پێی ڕاگەیاندووە کە لەڕووی لۆجیستکی و ئاسایشەوە لە ئۆکرانیا توانای ئەوەی هەیە پشتیوانی لە ئەرکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی بکات لە وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا."

بەڵام ئەوەشی خستەڕوو دەبێت سەرەتا ڕووسیا و ئۆکرانیا ڕازی ببن. هەردوو وڵات وتوویانە دەیانەوێت پشکنەرەکانی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی سەردانی وێستگەکە بکەن. سەرۆکی دەزگاکە ڕافایل گرۆسی لە ماوەی ڕابردوودا وتی ئامادەیە ڕابەرایەتی ئەرکێک بکات و داوای لە ڕووسیا و ئۆکرانیا کرد هاوکار بن.

ڕۆژی پێنجشەممە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش داوای کرد کۆتایی بە چالاکییە سەربازییەکان بهێندرێت لە دەوروبەری وێستگەی ناوەکی زاپۆریژادا.

نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕووسیا دەڵێن ڕۆژی دووشەممە گۆتیرێش سەبارەت بە کارەکانی وێستگەکە لە هەلومەرجێکی پارێزراودا قسەی لەگەڵ وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شوێگۆدا کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG