Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: دیلەکانی جەنگی ئۆکرانیا لە ناوەندەکانی گرتنی ڕووسیا ڕووبەڕووی پێشێلکاری دەبنەوە


نێردەی چاودێرانی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئۆکرانیا دەڵێت ئەو زیندانییانەی جەنگ کە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا یاخود گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ڕووسیاوە دەستگیرکراون و لە ناوەندەکانی گرتن زیندانی کراون ڕووبەڕووی ئەشکەنجەدان و مامەڵەی دیکەی نامرۆیی و سوکایەتی پێکردن بوونەتەوە.

چاودێرانی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئۆکرانیا کۆمەڵێک پێشێلکارییان دژی زیندانییەکانی جەنگ تۆمار کردووە، دەڵێن هەندێکیان ڕەنگە بگەنە ئاستی تاوانی جەنگ.

زۆربەی ئەو زانیارییانەی کە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەیان پێدراوە لەو چاوپێکەوتنانەوە وەرگیراون کە لەگەڵ زیندانییەکانی جەنگدا ئەنجام دراون، ئەو زیندانیانەی کە ئازاد کراون. ڕووسیا ڕێگەی بە چاودێرانی نەتەوە یەکگرتووەکان نەداوە بچنە ناو ئەو ناوەندانەی گرتنەوە کە زیندانییە ئۆکرانییەکانیان تێدایە.

بەڕێوبەری ئەرکەکەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ماتیڵدا بۆگنەر وتی چاودێران کۆمەڵێک حاڵەتی ئەشکەنجەدانیان تۆمار کردووە. گوتیشی شایەتحاڵان باسییان لە چیرۆکی بێزارکەری زیندانییەکانی جەنگ کردووە کە گواستراونەتەوە بۆ شوێنی دیاریکراو و لەوێ ڕووبەڕووی مامەڵەیەکی سوکایەتی پێکردن بوونەتەوە.

گوتی " لە کاتی گەیشتنیان بۆ ئەو شوێنانە بە توندی لە دەستبەسەرکراوە نوێیەکان دراوە، حاڵەت هەن بۆ نموونە پاسەوانانی شوێنەکە بە دوو ڕیز دەوەستن و دەستبەسەرکراوە نوێیەکە دەبێت بە نێوان دوو ڕیزەکەدا بڕوات و تاوەکو دەچێتە ناو شوێنەکەوە پاسەوانەکان لێی دەدەن."

بۆگنەر گوتی هەندێک لە دەستبەسەرکراوەکان، بەتایبەتی ئەوانەی کە یاساکانی زیندان نایانگرێتەوە یاخود پشتیوانییان لە ئۆکرانیا کردووە، ڕووبەڕووی لێدان و مامەڵە خراپەکانی دیکە بوونەتەوە.

ئەرکەکە ئاماژەشی بەو بارودۆخە خراپەدا کە زیندانییەکانی تیادا گیراون.

بۆگنەر گوتی " بارودۆخییان خراپە و خواردنی باشییان نادرێتێ، ئاویی پاکییان نیە، پاککردنەوەی گونجاوییان نیە. ئەمەش نیگەرانی زیاتر دروست دەکات سەبارەت بەبارودۆخی تەندروستی دەستبەسەرکراوەکان. هەواڵی مەترسیدار هەن سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی وەکو سیل لە نێو دەستبەسەرکراوەکاندا."

چاودێرانی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵسەنگاندنیان بۆ کرایمییەش کردووە کە ڕووسیا لە ساڵی 2014 دا گرتییە خۆی. باس لەوە دەکەن بارودۆخەکە لەوێ بەشێوەیەکی بەرچاو خراپ بووە، خەڵکەکەش مافە سەرەکییەکانیان لێسەندراوەتەوە.

دەشڵێن ڕەخنەگران لە داگیرکەرە ڕووسییەکان ڕووبەڕووی ئەشکەنجەدان و دیار نەمان و دەستگیرکردن و پێشێلکردنی دیکەی مافەکانیان بوونەتەوە.

XS
SM
MD
LG