Accessibility links

بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت تاڵیبان مافەکانی ئافرەتانی نەهێشتووە


کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان میشێل باشیلێ
کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان میشێل باشیلێ

کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان میشێل باشیلێ تاڵیبانی بە تۆمەتی نەهێشتنی ئازادی و مافە بنچینەییەکانی کچان و ئافرەتان تۆمەتبار کرد. ڕاپۆرتەکەی باشیلێ ڕۆژی چوارشەممە ئاڕاستەی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا.

باشیلێ بە ئەنجومەنەکەی گوت ئەفغانییەکان ڕووبەڕووی تاریکترین ساتییان بوونەتەوە، گوتیشی لە دوای ئەوەی تاڵیبان لە مانگی هەشتەوە دەسەڵاتی گرتەوە دەست، وڵاتەکە ڕووبەڕووی قەیرانێکی قووڵی ئابووری و کۆمەڵایەتی و مرۆیی و مافەکانی مرۆڤ بووەتەوە.

ئاماژەی بەوەدا تاڵیبان ئازادی و مافە بنچینەییەکانی ئافرەتانی نەهێشتووە، گوتی قوتابخانەکانی دواناوەندی بۆ کچان قەدەغە کراون، تاڵیبان ڕێگەی خوێندنی لە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس گرتووە.

گوتی ئافرەتان ناچار کراون لە شوێنە گشتییەکاندا سەر و ڕووخسارییان دابپۆشن، کارکردنیان قەدەغە کراوە، ناشتوانن بەشداری لە ژیانی گشتی و سیاسیدا بکەن. بە توندی کۆتوبەند خراوەتەسەر ئازادی هاتوچۆی ئافرەتان.

گوتیشی " بە ڕوونی دەیڵێم، ئەوەی ئەمڕۆ لە ئەفغانستان دەیبینین سەرکوتکاری ئافرەتانە بەشێوەکی ڕێکخراو و سیستماتیکی. ئافرەتانی ئەفغانستان بەخێرایی ڕووبەڕووی خراپترین سیناریۆ بوونەتەوە کە زۆرێک لێی دەترسان ڕووبدات. لە کاتێکدا کە ئەفغانستان کۆمەڵێک پەیماننامەی نێودەوڵەتی پەسەند کردووە، فەرمانڕەواکانی ئێستای زۆر دوورن لەوەی پابەندی بەرپرسیارێتیە کرداری و سیاسییە نێودەوڵەتییەکان بن، بۆ ڕێزگرتن لە مافەکانی ئافرەتان و کچان و پاراستنیان."

باشیلێ گوتیشی لە ئێستادا هێرشەکان بۆ سەر کەمینە نەژادی و ئاینییەکان لە ئەفغانستاندا زیاتر بووە، هاوڵاتیانی مەدەنی لە قوتابخانە و شوێنەکانی پەرستن و بازاڕەکان و هۆکارە گشتیەکانی گواستنەوەدا دەکوژرێن.

گوتیشی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئەفغانستان زیاتر بووە.

گوتی " تۆمەتی مەترسیدار هەن، کە پێویستیان بە پشتڕاست کردنەوە هەیە، لەوانەش، هاوڵاتیانی مەدەنی ڕووبەڕووی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتیە مرۆییەکان بوونەتەوە، بە گرتنی بێ هۆکار و ڕەوایەتیدان بە کوشتن و ئەشکەنجەدانیشەوە."

بەهۆی ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان دانی نەناوە بە فەرمانڕەوایی تاڵیباندا لە ئەفغانستان، تاڵیبان نەیتوانی وەڵامی تۆمەتەکانی باشیلێ بداتەوە. بەڵام باڵیۆزی حکومەتەکەی پێشووی ئەفغانستان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ناسڕ ئەحمەد ئاندیشە ڕێگەی پێدرا قسە بکات و ئەو زانیارییانەی پشتڕاست کردەوە کە لە ڕاپۆرتەکەی باشیلێدا ئاماژەیان پێدرابوو.

هەروەها داواشی لە جیهانی دەرەوە کرد دەستبەرداری ئەفغانییەکان نەبن، گوتی ملیۆنان کەس لە دەستی برسێتی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و بەدخۆراکی و نەخۆشییەوە دەناڵێنن.

XS
SM
MD
LG