Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە بێلاڕوس و پۆڵەندا دەکات باشتر مامەڵە لەگەڵ کۆچبەراندا بکەن


ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە بێلاڕوس و پۆڵەندا کرد بەپێی بەرپرسیارێتیەکانیان لە یاسا نێودەوڵەتیەکانی مافەکانی مرۆڤ و پەنابەراندا مامەڵە لەگەڵ کۆچبەراندا بکەن و " کۆتایی بە خراپی مامەڵەکردنیان بهێنن لەگەڵ ئەو کۆچبەرانەدا کە لەسەر سنوورەکانیان گیرییان خواردووە."

لە نێوان 29 ی مانگی یانزە و 3 ی مانگی دوانزەدا تیمێکی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی ناوچەکەیان کرد، ئەوەش بەمەبەستی ئەوەی بە چاوی خۆیان بارودۆخەکە ببینن. بەرپرسانی پۆڵەندا لەگەڵ تیمەکەدا کۆبوونەوە، بەڵام بەرپرسانی بێلاڕوس لەگەڵیاندا کۆنەبوونەوە.

وتەبێژی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لیز ثڕۆسێڵ وتی ڕێگە نەدراوە ئەندامانی تیمەکە بچنە ناوچە داخراوەکەی سنوورەکەوە. بەڵام وتی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت و نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەیان لەو کۆچبەر و پەنابەرانە کردووە کە لە بێلاڕوسەوە گەیشتوونەتە پۆڵەندا.

وتی ئەوانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کراوە باسیان لە بارودۆخی خراپی هەردوولای سنوورەکە کردووە.

وتی " زۆرینەیان وتوویانە کاتێک لە بێلاڕوس بوون، لێیان دراوە یاخود لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە هەڕەشەیان لێکراوە و وتوویانە هێزەکانی ئاسایشی بێلاڕوس ناچارییان کردوون سنوورەکە ببەزێنن. هەندێک لەوانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کراون وتوویانە هێزەکانی ئاسایشی بێلاڕوس داوای پارەیان کردووە لەبەرامبەر خۆراک و ئاودا. باسیان لە ترسەکانیان کردووە، ترس لەوەی بە تەنها بن لە دارستانەکەدا، تەنانەت ترس لە مردن بەهۆی ئەو ڕەوشە سەختەوە کە لەوێ ڕووبەڕووی بوونەتەوە. یەکێک لە کۆچبەرەکان وتی ئێرە دۆزەخە بۆ هەمووان."

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران دەڵێت 21 کۆچبەر لەسەر سنووری بێلاڕوس و یەکێتی ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە، هۆکاری مردنەکانیشیان بەهۆی نزمبوونەوەی پلەی گەرمی لەشیانەوە بووە، یاخود ڕەقبوونەوە لە سەرمادا.

کۆمسیۆنی ئەوروپا بێلاڕوسی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی دروستکردنی ئەو قەیرانە، ئەوەش لەڕێی هاندانی کۆچبەرانەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفغانستان و کۆنگۆ و وڵاتانی دیکەوە تاوەکو بێنە مینسکی پایتەختی بێلاڕوس، ئەوەش بە پێدانی هیوای ساختە لەسەر ئاسانیی گەیشتن بە یەکێتی ئەوروپا.

ثڕۆسێڵ وتی نە بێلاڕوس و نە پۆڵەنداش پەنابەران و کۆچبەرانیان ناوێت و پاڵیان پێوە دەنێن بۆ سنوورەکان. وتی پۆڵەنداش بەشێوەیەکی ڕێکخراو ئەوانە دەستبەسەر دەکات کە نەگەڕاونەتەوە بۆ بێلاڕوس.

وتی " زۆرینەی ئەوانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کراوە دەڵێن لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن بەباشی لەڕووی جەستەیی و دەروونییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا نەکراوە، هەروەها پەیوەندییان بە دەرەوە سنووردار کردووە، لەوانەش پەیوەندیکردن بە پارێزەرەوە، یاخود چاودێرانی مافەکانی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی. ئێمە بیری پۆڵەندای دەخەینەوە کە دەستبەسەرکردن دەبێت دوایین بژاردە بێت و تەنها بۆ ماوەیەکی کورت بەکاربهێندرێت، ئەگەر پێویستیش بکات."

مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە بێلاڕوس و پۆڵەندا دەکات ڕێگە بدەن کارمەندانی ئەرکە مرۆییەکان و مافەکانی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسان و پارێزەران و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بچنە ناوچە سنوورییەکانەوە. هەروەها داوا لەوان و یەکێتی ئەوروپا دەکات بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکان ڕێز لە مافە مرۆییەکانی کۆچبەران بگرن و بیانپارێزن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG