Accessibility links

کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دەنگدانێکی مێژووییدا سەرکۆنەی ڕووسیا دەکات


کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە لە دەنگدانێکدا بە زۆرینەی دەنگ سەرکۆنەی ڕووسیایان کرد لەسەر داگیرکردنی ئۆکرانیا و داوایان کرد مۆسکۆ شەڕەکە ڕابگرێت و هێزە سەربازییەکانی بکشێنێتەوە، ئەم کارەش ئامانج لێی گۆشەگیرترکردنی ڕووسیایە لەڕووی دیبلۆماسییەوە لە نەتەوە یەکگرتووەکان.

بڕیاری سەرکۆنەکردنەکە کە لە کۆی 191 وڵاتی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان 141 وڵاتیان پشتیوانییان لێکرد، لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکاندا پەسەند کرا، لەکاتێکدا هێزەکانی ئۆکرانیا شەڕییان دەکرد لە پێناو بەرگریکردن لە بەندەری خێرسۆن دژی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا و بۆردومانەکان کە سەدان هەزاران هاوڵاتی ناچار کردووە ئۆکرانیا جێبهێڵن.

لە بڕیارەکەدا سەرکۆنەی ڕووسیا کراوە " لەسەر دوژمنکارییەکانی دژی ئۆکرانیا."

هەریەک لە ڕووسیا و بێلاڕووس و ئیرتریا و کۆریای باکوور و سوریا دژی بڕیارەکە دەنگیاندا. 35 ئەندامی دیکە دەنگیان نەدا. چینیش یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە خۆیان بەدوورگرت لە دەنگدان لەسەر بابەتەکە.

بڕیارەکانی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان قورساییەکی سیاسیی خۆیان هەیە، دەنگدانەکەی ڕۆژی چوارشەممە سەرکەوتنێکی سیمبولی بوو بۆ ئۆکرانییەکان و گۆشەگیرترکردنی ڕووسیا بوو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. تەنانەت سڕبیای هاوپەیمانی کۆنی ڕووسیا دژی ڕووسیا دەنگیدا.

باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد لە کۆبوونەوەکەدا وتی ڕووسیا بەنیازە کردەوە دڕندانەییەکانی هێرشەکەی چڕتر بکاتەوە و داوای لە ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد ڕووسیا بە بەرپرس دابنێن لەسەر پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG