Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر نەخۆشخانەکانی سوریا زیان بە هەزاران کەس دەگەیەنێت


نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو هێرشە ئاسمانییانەی ئەمدواییانەیان سەرکۆنە کرد کە بۆ سەر سەنتەرەکانی تەندروستی و ئەو ناوچانە ئەنجامدراون کە لەژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنی سوریادان، لەو هێرشانەش هێرشێک بوو بۆ سەر نەخۆشخانەیەک کە خزمەتی 50 هەزار کەس دەکات.

حکومەتی سوریا کە هێزی ئاسمانی ڕوسیا پشتیوانی لێدەکات لە شەڕیاندا دژی ئۆپۆزسیۆن وتی تەنها چەکدارەکان دەکاتە ئامانج، هەروەها چەند جارێکیش ڕەتی کردۆتەوە دامودەزگا مەدەنی و نەخۆشخانەکانی کردبێتە ئامانج.

ڕێکخەری کاروباری مرۆیی هەرێمیی نەتەوە یەکگرتووەکان بانۆس مۆمسیس وتی " هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر نەخۆشخانەکان و دامەزراوە تەندروستییەکانی دیکەی باکووری ڕۆژئاوای سوریا زۆر ترساندوومی کە بۆتە هۆی ئەوەی سەدان هەزاران هاوڵاتی بێبەش بن لە مافی سەرەکیی تەندروستی خۆیان."

جێی ئاماژەیە تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک دیار نیە بۆ نزیک بوونەوە لە کۆتایی هاتنی جەنگی سوریا. ناکۆکییەکانیش باڵی کێشا بەسەر ئەو کۆنگرە ئاشتیەدا کە ڕوسیا ڕۆژی سێشەممە سازی کردبوو.

لە دوو هێرشی ئاسمانیدا ڕۆژی دووشەممە بۆ سەر نەخۆشخانەی عودەی لەپارێزگای ئیدلبی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن بەلایەنی کەمەوە پێنج کەس کوژران لەنێویاندا منداڵێکی تێدابوو و هەروەها شەش کەسی دیکەش برینداربوون. نەخۆشخانەکە لەلایەن ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوورەوە کۆمەکی دەکرێت.

لە هێرشەکەی 21ی مانگدا نەخۆشخانەکە بە زەحمەت ڕزگاریبوو لەکاتێکدا خەریکی وەرگرتنی ئەو بریندارانە بوو کە لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر بازاڕێکی سەرەکی لە سەراقب بریندارببوون و نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لەو هێرشەدا بەلایەنی کەمەوە 16 کەس کوژراون.

بەرپرسێکی نێودەوڵەتی وتی ئەمە چواردەیەمین جارە هێرشە ئاسمانییەکان زیانیان گەیاندووە بە بینای نەخۆشخانەکەی سەراقب. لە هەمان ڕۆژدا هێرشەکە ئاسمانییەکان سەنتەرێکی تەندروستیان وێران کرد کە خزمەتی دەیان کەسی دەکرد لە پارێزگای حەلەب.

مۆسیس ڕوونکردنەوەی زیاتریدا و ئاماژەی بەوەدا کە لە ساڵی ڕابردوودا 112 هێرش کراوەتە سەر دامەزراوە تەندروستیەکانی سوریا بێجگە لەو 13 هێرشەی دیکە کە تا ئێستا لەمساڵدا ئەنجام دراون.

لە ڕاپۆرتێکی جیای نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە دەڵێت 272345 کەس لە نێوان 15ی مانگی دوانزە و 24ی مانگی یەکدا لە ئیدلب هەڵهاتوون و بوونەتە پەنابەر.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG