Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: لە سێدارەدانەکان و پڕۆسەی دادگاییکردنەکان لە ئێران جێی نیگەرانییەکی زۆرن


بەرپرسانی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، ئەوەش لەنێوەندی ئەو ڕاپۆرتانەدا کە باس لە زیادبوونی حاڵەتەکانی لە سێدارەدان دەکەن لە ئێراندا، لەنێو ئەو کەسانەشدا کە بەهۆی دۆسییەی دەرمانە هۆشبەرەکانەوە لە سێدارە دەدرێن منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی و کۆچبەرانی ئەفغانیشیان تێدایە.

بەرپرسانی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکی ساڵانەدا لەسەر ئێران قسەیان کرد و ڕاپۆرتەکە لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەشکرا.

جێگری کۆمسیاری مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان نەدا ئەل نەشیف وتی " سکرتێری گشتی زۆر نیگەرانە سەبارەت بە زیادبوونی حاڵەتەکانی لە سێدارەدان، لەوانەش ئەو حاڵەتانەی کە بەهۆی تۆمەتەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ دەرمانە هۆشبەرەکانەوە ئەنجامدراون."

نوێنەری ئێران بە ئەنجومەنەکەی وت لە ڕاپۆرتەکەدا " بانگەشەی بێ بنچینە و تۆمەتی هەڵەی " تێدا بووە.

ڕاپۆرتەکە ئەو زانیارییانەی تێدا بووە کە لەلایەن ڕێکخراوە ناحکومییەکانەوە کۆکراونەتەوە، ڕاپۆرتەکە دەریدەخات کە لە ساڵی 2021 دا 310 کەس لە ئێران لە سێدارە دراون، لە ساڵی 2020 دا 260 کەس لە سێدارەدراون، هەروەها لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2022 دا لانی کەم 105 کەس لە سێدارە دراون.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت تاوانە گەورەکان لە ئێران بریتین لە پەیوەندیی نێوان هاوڕەگەزخوازان، یاخیبوونی چەکداریی و " بڵاوکردنەوەی گەندەڵی ". زۆربەی ئەوانەی لەمدواییانەدا لە سێدارەدراون بەهۆی ماددە هۆشبەرەکانەوە بووە، لەوانەش کۆمەڵێک کۆچبەری ئەفغانییان تێدا بووە.

بەپێی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵی ڕابردوو سەدان هەزاران هاوڵاتی ئەفغانی هاتوونەتە ناو ئێرانەوە، ئەوەش لەمیانەی هەڵچوونە گەورەکەی وڵاتەکەدا کە بووە هۆی ئەوەی تاڵیبان کۆنتڕۆڵی وڵاتەکە بکاتەوە.

ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت مافی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە لە هەندێک لەم دۆسییانەدا نەدراوە.

دۆسییەیەکیان زیندانییەکی کورد بوو بە ناوی حەیدەر قوربانییەوە، کە بە تۆمەتی کوشتنی سێ کەسی سەر بە هێزەکانی باسیجی ئێران تۆمەتبار کرابوو. ئەو هێزەش لەژێر فەرمانی سوپای پاسدارانی ئێراندایە. بەپێی ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، قوربانی تۆمەتەکانی ڕەت کردەوە، لەکاتێکدا کە دادگای باڵای ئێران تاوتوێی دووبارە دادگاییکردنی قوربانی دەکردەوە، قوربانی لە سێدارەدرا.

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە دۆسییەی شاعیر و بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤ بەکتاش ئابتینیش کراوە کە لە مانگی یەکدا دوای توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا. ئابتین بە " تۆمەتی ئاسایشی نیشتیمانی " دەستگیرکرابوو.

نەدا ئەل نەشیف وتی " زۆریی مردنەکان لە زیندانەکاندا، کە بەهۆی توندوتیژی و خراپ مامەڵەکردنی زیندانیانەوەیە لەلایەن بەرپرسانەوە و هەروەها نەبوونی چارەسەری تەندروستی لە کاتی پێویستدا، جێی نیگەرانییەکی زۆرن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG