لیژنەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ژیانی نزیکەی 2.7 ملیۆن کەمئەندام لە ئۆکرانیا لە مەترسیدان، ئاماژەی بەو هەواڵانەشدا کە کەمئەندامان لە ماڵ و ناوەندەکانی خزمەتکردن و خانەکانی بێ دایک و باوکان بەبێ دەرمان و پێداویستی بەجێهێڵدراون.
لیژنەی مافەکانی کەمئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " لیژنەکە زۆر نیگەرانە سەبارەت بەوەی چارەنووسی ئەو خەڵکانەی کە کەمئەندامن لە ئۆکرانیا نادیارە. ئەو هاوڵاتییانەی کە کەمئەندامن دەست گەیشتنیان بە زانیارییەکانی فریاکەوتنی خێرا و پەناگەکان و شوێنە پارێزراوەکان سنووردارکراوە یاخود دەستیان پێی ناگات، زۆرێکیشیان لە پشتیوانییەکانیان دابڕێندراون، ئەمەش وایکردووە نەتوانن مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکەدا بکەن."
لیژنەی مافەکانی کەمئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکان پێکهاتووە لە شارەزایانی سەربەخۆ کە چاودێری جێبەجێکردنی کۆنگرەیەکی ساڵی 2006 دەکەن. ڕووسیا لەنێو ئەو وڵاتانەدایە کە لیژنەکەی پەسەند کردووە و بڕیاری لەسەر داوە.
ڕووسیا چەند جارێک ڕەتی کردۆتەوە هاوڵاتیانی مەدەنی لە ئۆکرانیا کردبێتە ئامانج.
لیژنەکە باسی لەوە نەکرد بەدیاریکراوی چۆن ئەو ڕاپۆرتانەی دەستکەوتووە لەسەر ئەو کەسانەی کە گیرییان خواردووە. بەڵام ئاماژەی بەوەدا ژمارەیەکی کەم لە کەمئەندامان لەنێو ئەو خەڵکانەدان کە لە ناوخۆی ئۆکرانیادا ئاوارە بوون یاخود وەکو پەنابەر گەیشتوونەتە سەر سنوورەکانی ئۆکرانیا، " ئاماژەی بەوەدا زۆرێک لە کەمئەندامەکان نەیانتوانیوە بە پارێزراوی لە وڵاتەکە هەڵبێن."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز