سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش وتی " خەیاڵە " ئەگەر پێت وابێت نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت کێشەکانی ئەفغانستان چارەسەر بکات، ئاماژەشی بەوەدا تواناکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ میانگیریکردن بۆ حکومەتێکی کراوەتری تاڵیبان سنووردارە.
گۆتیرێش لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز, کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا ڕووبەڕووی فشار بۆتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و چەڵەمەکانی ئەفغانستان، گۆتیرێش لە وەڵامدا وتی " پێم وایە پێشبینیەکی بێبنچینە هەیە بۆ کاریگەرییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان وەکو ڕێکخراوێکی سەرەکی نێودەوڵەتی کە هێشتا لە ئەفغانستان ماوەتەوە."
جێی ئاماژەیە لە بیست ساڵی ڕابردوودا هەزاران سەرباز لە وڵاتانی جیهانەوە ڕەوانەی ئەفغانستان کراون و بڕێکی زۆر پارە لەو وڵاتەدا خەرجکراوە.
ئەمەریکا بە تەنها لەو بیست ساڵەدا 1 تریلیۆن دۆلاری خەرجکردووە، بەڵام لەکۆتاییدا حکومەتی ئەفغانستان و سوپاکەی بەر لە کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتەدا، لەبەردەم تاڵیباندا شکستیان هێنا.
گۆتیرێش بەر لە کۆبوونەوەی گشتی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی " بەوەی کە بەو هەموو یارمەتی و سەرچاوانەوە شکستیان هێنا لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەفغانستاندا، بیرکردنەوە لەوەی کە ئێستا ئێمە بەبێ ئەو هێزانە و بەبێ ئەو پارانە دەتوانین ئەو کێشانە چارەسەر بکەین کە دەیان ساڵە نەتوانراوە چارەسەر بکرێن، خەیاڵە."
وتی پشتیوانی لە هەوڵەکان دەکات بۆ ڕازیکردنی تاڵیبان تاوەکو حکومەتێکی کراوەتریان هەبێت لەوەی بیست ساڵی ڕابردوو. وتی نەتەوە یەکگرتووەکان توانایەکی کەمی هەیە بۆ میانگیریکردن و دەبێت سەنگ بخاتەسەر " پێگەی خۆی وەکو ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی و بۆ یارمەتیدانی گەلی ئەفغانستان لەو وڵاتەدایە."
گۆتیرێش وتی " ناتوانیت پێشبینی دەرئاسا بکەیت." ئەوەشی خستەڕوو نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت لەگەڵ تاڵیباندا گفتوگۆ بکات، بەڵام تاڵیبان هەرگیز بەوە ڕازی نابێت نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆڵێکیان هەبێت لە یارمەتیدانیان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئەفغانستان.
گۆتیرێش وتیشی یارمەتیە مرۆییەکان دەبێت وەکو ئامڕازێک بەکاربهێندرێن تاوەکو تاڵیبان ناچار بکەن ڕێز لە مافە بنچینەییەکان بگرێت، بە مافەکانی ئافرەتان و کچانیشەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز