Accessibility links

دەزگایەکی نەتەوە یەکگرتووەکان بیناکان بۆ ئاوارەکانی ئۆکرانیا چاک دەکاتەوە


ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ زۆرێک لەو بینایانە چاک دەکاتەوە کە زیانییان بەرکەوتووە و بەکارنەهاتوون، ئەوەش بەمەبەستی ئەوەی ئەو ئۆکرانیانەیان تیادا نیشتەجێ بکەن کە بەهۆی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە ناچار بوون ماڵەکانیان جێبهێڵن.

قۆناغی یەکەمی پڕۆگرامەکە لە هەرێمی زاپۆریژای ڕۆژئاوای ئۆکرانیاوە دەستپێدەکات، وتەبێژی ڕێکخراوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان پۆڵ دیلۆن وتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ و هاوبەشەکانی چەند هەفتەیەک لەمەوبەر دەستیان بە پڕۆگرامی دووبارە نیشتەجێکردنەوە کردووە، ئەوەش بەمەبەستی مامەڵەکردن لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی ئاوارەکانی ئۆکرانیا کە بەهۆی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە ئاوارە دەبن.

وتی " 7.7 ملیۆن کەس لە ناوخۆی ئۆکرانیادا ئاوارە بوون. ئەمەش لە سەدا 17 ی دانیشتوانی پێش جەنگی ئۆکرانیا دەکات."

دیلۆن ئاماژەی بەوەدا کارەکان بەردەوامن بۆ چاککردنەوەی بینای بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆکان و هۆتێلەکان تاوەکو بتوانین نزیکەی 1 ملیۆن ئاوارەیان تێدا نیشتەجێ بکەن.

وتی پەنجەرە و دەرگا و سەقفەکانی بیناکان گۆڕدراون. سیستمەکانی کارەبا چاک دەکرێنەوە و کاری دیکە لە بیناکاندا دەکرێت.

وتی " ئەم شوێنانە وەکو شوێنی مانەوەی هەمیشەیی نابن، ڕێوشوێنی کاتین بۆ ئەوەی ژینگەیەکی پارێزراو و ئاسایش بۆ ئەو خەڵکانە دابین بکرێت کە تیایدا دەژین. ئێمەش ئەو کەسانە دەهێنن کە زۆر لاوازن. ئەوانە دەهێنین کە بە تەنها منداڵەکانیان بەخێو دەکەن، خەڵکانی کەم ئەندام و ئەو کەسانەشی کە یارمەتی کەم ئەندامان دەدەن."

دیلۆن وتی سەرەتا پڕۆگرامەکە پێنج هەرێمی ڕۆژئاوای ئۆکرانیا دەگرێتەوە. ئەو هەرێمانە ئەو شوێنانەن کە زۆرینەی ئاوارەکان ڕوویان تێدەکەن، چونکە وەکو شوێنێکی پارێزراوتر دەبیندرێن وەک لەو شوێنانەی کە شەڕ و پێکدادانی زۆرییان تێدایە.

وتیشی پڕۆگرامەکە ڕەنگە بەپێی پێویستییەکان و بارودۆخی ئەمنی هەرێمەکانی دیکەش بگرێتەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG