Accessibility links

گۆتیرێش دەڵێت تاڵیبان بەڵێنەکانی لە بارەی مافەکانی ژنانەوە نەبردووەتەسەر


سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت بزوتنەوەی تاڵیبان کە لە ئێستادا حکومڕانی ئەفغانستانی کەوتووەتەدەست، بەڵێنەکانی نەبردووەتەسەر لە بارەی ڕێزگرتن لە مافەکانی ژنانەوە.

ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش لە لێدوانێکیدا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاند ئەمڕۆ دووشەممە گوتی "زۆر بێزارم بە تایبەتی کە دەبینم بزوتنەوەی تاڵیبان ئەو بەڵێنانەی نەبردووەتەسەر کە دابوونی سەبارەت بە کچان و ژنانی ئەفغانی."

پاشان داوای لە تاڵیبان کرد پابەندی بەڵێنەکانی لە بارەی کچان و ژنان بێت و وابەستەیـیەکانی خۆی جێبەجێ بکات بەپـێی یاسای نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ و یاسای مرۆیی.

گۆتیرێش گوتیشی هیچ چاوپـۆشیەک لەم بارەیەوە ناکەن و نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژانە لەگەڵ تاڵیبان ئەم بابەتە دەهێنێتە بەرباس.

ئاماژەی بۆ ئەوە کرد 80% ی ئابوری ئەفغانستان جێگیر نیـیە و ژنان ڕۆڵی سەرەکی لە ئابوریـیەکەی دەبینن، بۆیە بەبێ ژنان هیچ بوارێک بۆ بوژاندنەوەی ئابوری و کۆمەڵگەی ئەفغانی نابێت.

سەرچاوە/ فڕانس پـرێس

XS
SM
MD
LG