Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ئەفغانستان ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی مافەکانی مرۆڤ بۆتەوە


کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ هۆشداریدا لەسەر ئەوەی ئەفغانستان ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی مافەکانی مرۆڤ بۆتەوە، ئەوەش بەهۆی شکستهێنانی تاڵیبانەوە لە ڕێزگرتن لە مافی خەڵکەکەی خۆی و ئەمەش دەبێتە هۆی بەربەستی زیاتر لەبەردەم گەشەسەندنی وڵاتەکەدا.

ڕاپۆرتەکەی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پێشکەشی دانیشتنێکی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە، تیایدا باس لەوە دەکات ملیۆنان خەڵک لە ئەفغانستان ناتوانن پێداویستیە سەرەتاییەکانیان بەدەست بخەن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئابووری ئەو وڵاتە لە لێواری ڕووخاندایە. دەڵێت خەڵکی ئەفغانستان ڕووبەڕووی برسێتی و هەژاریی بوونەتەوە و ناچار کراون ڕێوشوێنی سەخت بگرنەبەر بۆ ڕزگاربوونیان، لەوانەش کارکردنی منداڵان و هاوسەرگیری منداڵان و تەنانەت فرۆشتنی منداڵانیش.

بەرلەوەی تاڵیبان دەسەڵاتی ئەفغانستان بگرێتەدەست، نەتەوە یەکگرتووەکان زۆرترین ژمارەی قوربانیانی مەدەنی لەو وڵاتە تۆمارکردبوو، ژمارەیەکی زۆر لە ئافرەتان و منداڵان لەنێو قوربانییەکاندا بوون. لەکاتێکدا ژمارەی قوربانییەکان کەم بۆتەوە، لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە هێشتا کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی لەلایەن گروپە چەکدارییە جیاوازەکانەوە بەردەوامە.

جێگری کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان نەدا ئەل نەشیف بە ئەنجومەنەکەی وت کوشتنەکان لە دەرەوەی داد و یاسا لە سەرانسەری وڵاتەکەدا زیادییکردووە. نیگەرانی خۆشی دەربڕی سەبارەت بە بەردەوامبوونی بەکارهێنانی منداڵان وەکو چەکداری توندڕەوی جیهادی لەلایەن بەرپرسانی تاڵیبانەوە.

ئەل نەشیف وتی " بارودۆخی ئێستای ئەفغانستان وایکردووە دانیشتوانی وڵاتەکە پارێزراو نەبن لە ڕووی مافەکانی مرۆڤەوە، بەتایبەتی ئافرەتان و کچان ڕووبەڕووی نادیارییەکی گەورە بوونەتەوە لە ڕێزگرتن لە مافەکانیان بۆ خوێندن و بەشداریکردنیان."

وتیشی کۆمەڵگەی ئەفغانی باجێکی گەورە دەدات ئەگەر تاڵیبان بەردەوام بێت لەوەی ڕێگە بە ئافرەتان نەدات بخوێنن و ڕێگەیان نەدا کار بکەن و لەژێر سەرپەرشتی پیاوێکدا دایانبنێن.

ئەوەشی خستەڕوو " بەردەوامبوونی ئافرەتان لە سەرجەم ڕووەکانی ژیاندا گرنگ دەبێت بۆ داهاتووی ئەفغانستان، هاوبەشەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن ڕێگە نەدان بە ئافرەتان تاوەکو کاربکەن لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی ئەفغانستان زیاتر لە یەک ملیار دۆلار لەدەست بدات، هەتاوەکو ڕێگە لە کچان بگیردرێت و بخرێنە دواوە، زیانەکانی سەر ئابووری و کۆمەڵگەی ئەفغانی پەرە بۆ نەوەکانی داهاتووش دەسەنێت."

XS
SM
MD
LG