Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: تاڵیبان بەڵێنیداوە کارمەندانی ئەرکە مرۆییەکان بپارێزێت


بەرپرسی کاروباری ئەرکە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان مارتن گریفیث
بەرپرسی کاروباری ئەرکە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان مارتن گریفیث

وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی بەرپرسی کاروباری ئەرکە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ ڕابەرانی تاڵیباندا کۆبۆتەوە، وتیشی لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا ڕابەرانی تاڵیبان دڵنیاییان داوە لە پارێزراویی کارمەندانی ئەرکە مرۆییەکان لە ئەفغانستان.

ڕۆژی یەکشەممە بەرپرسی کاروباری ئەرکە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان مارتن گریفیث لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان بوو، وابڕیاریشە چەند کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەرکردایەتی تاڵیباندا ئەنجام بدات، ئەمەش لەنێوەندی ئەو کارەساتە مرۆییەدا کە خەریکە ڕووبەڕووی وڵاتەکە دەبێتەوە.

وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ستێفان دوجاریک وتی " بەرپرسانی تاڵیبان بەڵێنی ئەوەیاندا گرەنتی پارێزراوی و ئاسایشی کارمەندانی ئەرکە مرۆییەکان بدەن و یارمەتیەکان بگەنە دەستی ئەو کەسانەی پێویستیانە، هەروەها کارمەندانی ئەرکە مرۆییەکان، بە پیاو و ئافرەتەوە، دەتوانن ئازادانە هاتوچۆ بکەن."

وتیشی گریفیث لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا داوای لە سەرجەم لایەنەکان کردووە مافی ئافرەتان بپارێزن، بە ئافرەتانی مەدەنی و ئەوانەشەوە کە لە ئەرکە مرۆییەکاندا کاردەکەن.

لەلای خۆیەوە وتەبێژی تاڵیبان سوهەیل شاهین لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە بەرپرسی باڵای تاڵیبان مەلا عەبدول غەنی بەرادەر سوپاسی بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە لەسەر بەڵێنەکەیان بۆ " بەردەوامبوون لە پێشکەشکردنی یارمەتیە مرۆییەکان بە گەلی ئەفغانستان." هەروەها دڵنیای کردوونەتەوە " هاریکارییان بێت لە کارەکانیاندا."

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ئەفغانستان لە قەیرانێکی مرۆییدایە کە کاریکردۆتەسەر 18 ملیۆن کەس یاخود نیوەی دانیشتوانی وڵاتەکە.

تەنانەت بەرلەوەی تاڵیبان ئەفغانستان کۆنتڕۆڵ بکاتەوە، وڵاتەکە بەزۆری پشتی بە یارمەتیە مرۆییەکان بەستبوو ، بەڵام داهاتووی ئەرکە مرۆییەکان لە وڵاتەکەدا لەژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا، نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکانی دیکەی نیگەران کردووە.

کۆمەڵێک لە ڕێکخراوە مرۆییەکان ئاماژەیان بەوەداوە لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیباندا لە گفتوگۆدان بۆ دەستپێکردنەوەی ئەرکەکانیان، یاخود لەڕووی ئاسایشەوە دڵنیاییان دراوەتێ کە دەتوانن بەردەوام بن لە پڕۆگرامەکانیان.

نەتەوە یەکگرتووەکان وتیشی لەم هەفتەیەدا گەشتە ئاسمانیە مرۆییەکان بۆ کۆمەڵێک لە هەرێمەکانی ئەفغانستان دەستیان پێکردۆتەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG