سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش لە کۆڵۆمبیاوە داوایکرد شەڕ و پێکدادانەکان لە ئیسیوپیا بەزووترین کات کۆتاییان پێبێت.
گۆتیریش سەردانی کۆڵۆمبیای دەکرد بە بۆنەی یادی پێنج ساڵەی ڕێکەوتنی ئاشتی نێوان حکومەتی کۆڵۆمبیا و هێزە چەکدارەکانی شۆڕشگێڕانی کۆڵۆمبیا، داوایکرد بەزووترین کات شەڕ و پێکدادانەکان لە ئیسیوپیا کۆتاییان پێبێت.
گۆتیرێش لەماوەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆکی کۆڵۆمبیا ئیڤان دوکدا وتی " پڕۆسەی ئاشتی لە کۆڵۆمبیا هانم دەدات داوایەکی بەپەلە لە لایەنەکانی بەشدار لە ململانێکانی ئیسیوپیادا بکەم تاوەکو بەزووترین کات و بەبێ هیچ مەرجێک بگەن بە ڕێکەوتنێکی ئاگربەست ."
لە مانگی یانزەی ساڵی 2020 دا شەڕی ناوخۆی ئیسیوپیا لەنێوان هێزەکانی حکومەت و بەرەی ئازادی گەلی تیگرایدا لە هەرێمی تیگرای دەستیپێکرد. لە مانگی حەوتدا شەڕ و پێکدادانەکان پەرەیان سەند بۆ هەرێمەکانی دراوسێی تیگرای لە باکووری وڵاتەکە.
گۆتیرێش وتی کۆتایی هێنان بە شەڕی ئیسیوپیا ڕێگە بە ئەنجامدانی گفتوگۆ دەدات لەنێوان ئیسیوپیاییەکاندا ، ڕێگە بە وڵاتەکە دەدات جارێکی دیکە یارمەتیدەر بێت لە سەقامگیریی ناوچەکەدا.
وتی " زۆر حەز دەکەم کۆڵۆمبیا نمونەیەک بێت بۆ ڕابەرانی ئیسیوپیا و شوێنی بکەون."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز