Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: تاڵیبان ژمارەیەک لە بەرپرسانی پێشووی ئەفغانستان و خەڵکانی دیکەیان کوشتووە


چەکدارێکی تاڵیبان
چەکدارێکی تاڵیبان

لە ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە ئاماژە بەوە دەدات باوەڕوایە تاڵیبان و هاوپەیمانەکانی ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی پێشووی ئەفغانستان و ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشیان کوشتبێت، هەروەها ئەوانەشی کە لەگەڵ هێزە بیانیەکاندا لە ئەفغانستان کارییان کردووە.

سەرەڕای کۆتایی هاتنی شەڕ و پێکدادانەکان لەو وڵاتەدا، ڕاپۆرتەکەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وێنای خراپبوونی ڕەوشی ژیانی ئەو 39 ملیۆن دانیشتووەی ئەفغانستان دەکێشێت کە تاوەکو ئێستا بەدەست قەیرانە جیاجیاکانەوە دەناڵێنن.

گۆتیرێش وتی " تەواوی سیستمی کۆمەڵایەتی و ئابووری لە نەماندان."
ڕاپۆرتەکە کە دەست ڕۆیتەرز کەوتووە، ئاماژە بە هۆشداریدانەکانی ئەمدواییانەی گۆتیرێش دەکات سەبارەت بە قەیرانە مرۆیی و ئابوورییەکانی ئەفغانستان، کە دوابەدوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە خراپتربوون.

گۆتیرێش پێشنیارێکی کردووە بۆ ئەئجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەوەش ئەوەیە کە گۆڕانکاری لە پێکهاتەی ئەرکەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێت لە ئەفغانستان، ئەوەش بەمەبەستی ئەوەی بتوانن مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکەدا بکەن، لەو گۆڕانکارییانەش پێکهێنانی یەکەیەکی نوێی چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤە لەو وڵاتەدا.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەدراوە " ئەرکەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان هەواڵی متمانەپێکراوی بەدەست دەگات لەسەر کوشتن و بێسەروشوێن بوون و پێشێلکارییەکانی دیکە، ئەمانەش دژی بەرپرسانی پێشوو و ئەندامانی هێزەکانی ئاسایش و ئەو کەسانەی کە کارییان لەگەڵ هێزە بیانیەکان کردووە بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا." ئەمەش سەرەڕای ئەوەی تاڵیبان لێبووردنی گشتی دەرکردووە.

هەروەها دەشڵێت زیاتر لە 100 کەس لەوانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێدراوە کوژراون، دوو لەسەر سێیان گوایە لەلایەن تاڵیبان یاخود هاوپەیمانەکانی تاڵیبانەوە کوژراون.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، هەواڵی متمانەپێکراوی دیکەش هەن سەبارەت بەوەی لانی کەم 50 کەسی دیکە کوژراون کە گومانی ئەوەیان لێکراوە سەر بە لقێکی ناوخۆیی ڕێکخراوی داعش بووبێتن.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت " بەرگریکاران لە مافەکانی مرۆڤ و کارمەندانی ڕاگەیاندنەکان بەردەوام هێرشیان دەکرێتەسەر و بێزار دەکرێن و دەترسێندرێن و دەستگیردەکرێن و مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا دەکرێت و دەکوژرێن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG