Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان ملیۆنان دۆلاری لە بانکی ئەفغانستان هەیە، بەڵام ناتوانێت بەکاریبهێنێت


بەرپرسێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان وتی نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکەی 135 ملیۆن دۆلاری لە بانکی ئەفغانستاندا هەیە بەڵام ناتوانێت بەکاریبهێنێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بانکی ناوەندی ئەفغانستان کە لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندایە ناتوانێت بیگۆڕێت بۆ دراوی ئەفغانی.

بەڕێوبەری پڕۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان، عەبدەڵا ئەل دەرداری وتی نەتەوە یەکگرتووەکان دۆلاری ئەمەریکی بردۆتە ناو ئەفغانستانەوە و لە بانکی نێودەوڵەتی ئەفغانستاندا دایناوە، هاوکات " بانکی ناوەندی ئەفغانستان بەڵێنیداوە پارەکە ئۆتۆماتیکی بگۆڕێت بۆ دراوی ئەفغانی."

ئەل دەرداری لە کۆبوونەوەی ئاکامسی جیهانیدا وتی " ئەوە ڕووینەدا." وتیشی پڕۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە تەنها خۆی " 30 ملیۆن دۆلاری لە بانکی نێودەوڵەتی ئەفغانستاندا هەیە کە ناتوانرێت بگۆڕدرێت بۆ دراوی ئەفغانی، وەکو خۆشتان دەزانن بەبێ دراوی ئەفغانی ناتوانین سەرجەم پڕۆگرامەکانمان جێبەجێ بکەین."

تاڵیبان کە لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوودا کۆنتڕۆڵی ئەفغانستانی کردەوە، بەکارهێنانی دراوی بیانی لە وڵاتەکەدا قەدەغە کردووە، لەکاتێکدا دۆلاری ئەمەریکی لە ئەفغانستاندا بەشێوەیەکی بەرچاو بەکاردەهێندرا.

تاڵیبان لەژێر سزا نێودەوڵەتیەکاندایە، نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکان دەڵێن بوونەتە هۆی کۆسپ دانان لەبەردەم ئەرکە مرۆییەکاندا لە ئەفغانستان. زیاتر لە نیوەی دانیشتوانە 39 ملیۆنیەکەی ئەفغانستان ڕووبەڕووی قەیرانی برسێتی و ئابووری و خوێندن و کۆمەڵایەتی بوونەتەوە.

ملیاران دۆلاری بانکی ناوەندی ئەفغانستان لە دەرەوەی وڵاتەکە سڕکراون، ئەوەش لەپێناو ئەوەی ئەو پارانە نەچنە دەستی تاڵیبانەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG