Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کۆتای هێنان بە توندوتیژییەکان دەکات لە ئەفغانستان


سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش داوای کرد توندوتیژییەکان لە ئەفغانستان کۆتاییان پێبهێندرێت، ئەوەش لەنێوەندی ترس و نیگەرانیەکان لەسەر سەرهەڵدانی شەڕێکی نوێی ناوخۆ لەو وڵاتەدا.

گۆتیرێش لە ڕاپۆرتێکدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی " داوا دەکەم دەستبەجێ کۆتایی بە توندوتیژییەکان بهێندرێت، تاوەکو ڕێز لە پارێزراوی و ئاسایش و مافی سەرجەم ئەفغانیەکان بگیردرێت، هەروەها وەکو پابەندبوونێک بە بەرپرسیارێتیە نێودەوڵەتیەکانی ئەفغانستانەوە."

ڕاپۆرتەکە کە دەست فرانس پرێس کەوتووە هێشتا بڵاونەکراوەتەوە.

گۆتیرێش دەڵێت " داوا لە تاڵیبان و سەرجەم لایەنەکانی دیکە دەکەم دان بەخۆیاندا بگرن بۆ پاراستنی ژیانی هاوڵاتیان."

ڕاپۆرتەکە لەکاتێکدایە ماوەی ئەرکی سیاسیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان لە 17 ی مانگی نۆدا بەسەردەچێت.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ئەفغانستان ڕووبەڕووی قەیرانێکی مرۆیی بۆتەوە کە کاریگەری لەسەر 18 ملیۆن کەس دەبێت، یاخود نیوەی دانیشتوانی وڵاتەکە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە هەوڵە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت تەنها یارمەتی لە سەدا 38 ی دانیشتوانی ئەفغانستان بدات، بەهۆی ئەوەوە نەتەوە یەکگرتووەکان پێویستی بە نزیکەی 800 ملیۆن دۆلار دەبێت.

گۆتیرێش وتی " داوا لە بەخشەران دەکەم دووبارە پشتیوانیەکانیان نوێ بکەنەوە چونکە پێویستیەکان زیادییان کردووە."

هەروەها داوای لە وڵاتانی دیکەش کرد پەنابەرانی ئەفغانی وەربگرن، یاخود ئەگەر وەریانگرتوون ڕەوانەی ئەفغانستانیان نەکەنەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG