Accessibility links

کیێڤ دەڵێت ئامانجی ڕووسیا داگیرکردنی خاک و لەناوبردنی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیایە


وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا وتی ئامانج لە هێرشە سەربازییە نوێیەکەی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا داگیرکردنی خاکە و دروستکردنی پردێکی وشکانییە لەنێوان ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و کرایمییەدا، هەروەها ئامانجێکی دیکەیان لەناوبردنی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیایە.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا ئۆلیکساندەر مۆتوزنیاک وتی هێزەکانی ڕووسیا بەدرێژایی هێڵەکانی پێشەوەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا هێرشیان کردووە، فشارەکانیشیان بۆ سەر ماریوپۆڵ لە باشوورەوە زیاتر کردووە و هەوڵ دەدەن گەمارۆی شارەکانی ناو هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسک بدەن.

مۆتوزنیاک وتی " ئامانجەکە لەناوبردنی هێزەکانی ئۆکرانیایە تاوەکو بتوانن ناوچەکان داگیربکەن و ڕێڕەوێکی وشکانی لەنێوان هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسک لەگەڵ کرایمییەدا دروست بکەن."

جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە لەلایەن ڕووسیاوە پشتیوانییان لێدەکرێت و لە ساڵی 2014 دا سەریانهەڵدا، خۆیان لەو ناوچانەی هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسک کە لەژێر دەسەڵاتیاندا دەوڵەتی سەربەخۆیان ڕاگەیاندووە.

بەرپرسانی ئۆکرانیا چەند جارێک وتوویانە ڕووسیا دەیەوێت ماریوپۆڵ و سەرجەم ئەو ناوچانەی لوهانسک و دۆنێتسک بگرێت کە هێشتا لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی ئۆکرانیادان، ئەمەش لەپێناو دروستکردنی پردێکی وشکانی لەگەڵ کرایمییەدا کە ڕووسیا لە ساڵی 2014 دا گرتییە خۆی.

مۆتوزنیاک وتی " ئامانجی سەرەکییان لە هەوڵەکانیان ئەوەیە شوێنەکانی هێزەکانی ئۆکرانیا ببڕن و هێشتا کۆڵییان نەداوە لە کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی شاری ماریوپۆڵ."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG