Accessibility links

ئۆکرانیا داوا لە ئەڵمانیا دەکات بڕیارێکی خێرا بدات لەسەر ڕەوانەکردنی چەک


وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کوڵێبا
وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کوڵێبا

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کوڵێبا داوای لە ئەڵمانیا کرد بڕیارێکی خێرا بدات لەسەر ڕەوانەکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا، وتیشی کیێڤ پشتی بە ڕۆڵە ڕابەرایەتییەکەی بەرلین بەستووە لە ئەوروپادا.

داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا ئەڵمانیای ناچار کرد سیاسەتی ڕەوانە نەکردنی چەک بۆ ئەو شوێنانەی شەڕییان تێدایە بگۆڕێت، بەرلین بەڵێنیداوە چەکی دژە تانک و موشەک بدات بە ئۆکرانیا.

ڕەوانەکردنی چەک لە ئەڵمانیاوە بۆ وڵاتێکی دیکە پێویستی بەوەیە لەلایەن کۆمەڵێک وەزارەتی ئەو وڵاتەوە پەسەند بکرێت و دەبێت بە هەماهەنگی بێت لەگەڵ سەرۆکایەتی فیدڕاڵدا، ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتنی گەیاندنی چەکەکان بۆ ئۆکرانیا و کیێڤیش بەم دواکەوتنە نائومێد بووە.

کوڵێبا وتی " هیوادارم ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز بڕیارێکی ئەرێنی بدات."

وتیشی ئەو هۆکارانەی خراونەتەڕوو سەبارەت بەوەی بۆچی چەکەکان هێشتا ڕەوانەی ئۆکرانیا نەکراوە ڕەوا نین و بارودۆخە ڕاستەقینەکە تیایاندا لەبەرچاو نەگیراوە. وتیشی دەکرا جەنگمان لە خۆمان دووربخستایەتەوە ئەگەر ئەڵمانیا زووتر ڕەوانەکردنی چەکی بۆ ئۆکرانیا پەسەند بکردایە.

کوڵێبا داوای لە ئەڵمانیا کرد چەکی قورس بدات بە وڵاتەکەی، هەروەها داواشی لێکرد سزای توندتر بسەپێنێت بەسەر ڕووسیادا، لەوانەش قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا.

وتیشی " ئەڵمانیا وڵاتێکی ڕابەرە لە ئەوروپادا و ئێمەش پشتمان بەو ڕۆڵە ڕابەرایەتییەی بەستووە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG