Accessibility links

سوپای ئۆکرانیا دەڵێت دەیان هاوڵاتی مەدەنی لە خارکیڤ کوژراون


بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن تۆپهاوێژەکانی ڕووسیا بۆردومانی ئەو ناوچانەی شاری خارکیڤیان کردووە کە دانیشتوانیان تێدایە، پێدەچێت دەیان کەس کوژرابێتن، ئەمەش لەکاتێکدا هێزەکانی ڕووسیا ڕووبەڕووی بەرگرییەکی سەخت بوونەوە لەلایەن ئۆکرانییەکانەوە.

هێرشەکانی ڕووسیا لەکاتێکدا بوون کە نوێنەرانی ئۆکرانیا و ڕووسیا لەسەر سنووری بێلاڕووس کۆبوونەوە، بەڵام گفتوگۆکانیان هیچ ئەنجامێکی یەکلاکەرەوەیان لێنەکەوتەوە.

وڵاتانی ڕۆژئاواش بەردەوامن لە سەپاندنی سزا ئابوورییەکان بەسەر ڕووسیادا، هەروەها یەکگرتووشن لە سەرکۆنەکردنی هێرشەکەی ڕووسیادا.

ئەمەریکا سزای نوێی سەپاند بەسەر ڕووسیادا، بانکی ناوەندی ڕووسیا و سەرچاوە داراییەکانی دیکەی ئەو وڵاتەی کردە ئامانج.

هێرشەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا کە گەورەترین هێرشە بۆ سەر خاکی وڵاتێکی ئەوروپی لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، شکستی هێناوە لەوەی کە پوتن پێشبینی دەکرد لە سەرەتاوە دەستکەوتیان هەبێت. بەڵام خارکیڤ کە دووەم گەورەترین شاری ئۆکرانیایە، بووەتە گۆڕەپانی سەرەکی جەنگەکە.

سەرۆکی بەڕێوبەرایەتی ناوچەکان لە ئۆکرانیا ئۆلیگ سینگوبۆڤ وتی تۆپهاوێژەکانی ڕووسیا بۆردومانی ئەو شوێنانەیان کردووە کە دانیشتوویان تێدایە، تەنانەت لە کاتێکدا کە هیچ هێزێکی ئۆکرانیا یاخود ژێرخانێکی ستراتیژی لەو ناوچانەدا نەبوون. لانی کەم 11 کەس کوژراون.

وتی " ئەمە بە ڕۆژی ڕووناک ڕوودەدات، کاتێک خەڵکەکە دەچوون بۆ دەرمانخانەکان و دوکانەکان یاخود بۆ ئاو خواردنەوە. ئەمە تاوانە."

لە ماوەی ڕابردوودا ڕاوێژکاری وەزارەتی ناوخۆی ئۆکرانیا ئانتۆن هیراشچینکۆ وتی بۆردومانەکانی ڕووسیا لە خارکیڤ بوونەتە هۆی کوژرانی دەیان کەس.

باڵیۆزی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی سوپای ڕووسیا هیچ هەڕەشەیەکی بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی دروست نەکردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG