وەزارەتی ناوخۆی ئۆکرانیا دەڵێت چوار سەربازیی پاسەوانی نیشتیمانی و هاوڵاتیەکی مەدەنی کوژراون و پێنج هاوڵاتی دیکە برینداربوون، ئەوەش دوای ئەوەی سەربازێکی پاسەوانی نیشتیمانی تەقەی لێکردوون.
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئۆکرانیا وتی ڕووداوەکە لە شاری دنپیرۆ ڕوویداوە کە دەکەوێتە 500 کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کیێڤی پایتەختەوە.
وتەبێژەکە وتی سەربازەکە ناوی ئارتیمی ڕایبچوک بووە و تەمەنی 20 ساڵ بووە، لە کارگەیەکی سەربازیدا لە ئەرکێکی پاسەوانیدا بووە و بە چەکی کڵاشینکۆڤ تەقەی لە هاوڕێکانی کردووە و دواتر دەستبەجێ هەڵهاتووە. وتیشی چوار سەرباز و هاوڵاتیەکی مەدەنی کوژراون. پێنج کەسی دیکەش برینداربوون.
وتەبێژەکە وتی ڕایبچوک دوای ماوەیەکی کورت لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەرکراوە. هێشتا پاڵنەری هێرشەکە نەزاندراوە.
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی داوای لە بەرپرسانی وڵاتەکە کرد بە ووردی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بکەن و شیکاری بۆ بکەن.
ئەم ڕووداوەش لەکاتێکدایە گرژییەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا زیادیکردووە، ڕووسیا زیاتر لە 100,000 سەربازیی لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا جێگیرکردووە، ئەمەش ئۆکرانیا و وڵاتانی ڕۆژئاوای نیگەران کردووە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا
سەربازێکی ئۆکرانیا 4 سەربازیی هاوڕێی و هاوڵاتیەکی مەدەنی دەکوژێت
