Accessibility links

کاربەدەستانی ئەمەریکایی پـێیان وایە فڕۆکەکەی ئۆکرانیا بە هەڵە لەلایەن ئێرانەوە خرابێتە خوارێ


دوو کاربەدەستی ئەمەریکایی دەڵێن هەتا ڕادەیەکی زۆر لەو بڕوایەدان فڕۆکە ئۆکرانیـیەکەی شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە کەوتە خوارێ لە نزیک تاران، لە ئەنجامی موشەکێکی دژە ئاسمانی بووە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێس ئەمڕۆ پـێنجشەممە ئەمەی ڕایگەیاند، بەڵام گوتیشی دوو کاربەدەستەکە نەیانگوتووە سەرچاوەی زانیاریـیەکانیان چیـیە، تەنیا گوتوویانە سەتەلایەت و ئامێری دیکەی وێنەگرتن لە ناوچەدا هەن و جگە لەوە چاودێری پەیوەندیـیە تەلەفۆنیـیەکان و ڕێگەکانی دیکەی پەیوەندی دەکرێن.

هاوکات سەرۆک ترامپ ئەویش گومانی خۆی نیشان دا لەوەی فڕۆکەکە لە ئەنجامی کێشەی تەکنیکی کەوتبێتە خوارێ. گوتیشی ڕەنگە کەسێک لە لایەنی ئێرانی هەڵەی کردبێت.

جێی ئاماژەیە فڕۆکەکە لە جۆری بۆینگی 737 بوو و لە تارانەوە هەستابوو بەرەو کێیڤی پایتەختی ئۆکرانیا. 176 کەسی ناو فڕۆکەکە گیانیان لەدەست دا، 63 کەنەدی، 82 ئێرانی کە بەشی زۆریان دانیشتووی کەنەدا بوون، 11 ئۆکرانی(9 کەسیان تاقمی فڕۆکەکە بوون)، 10 سویدی، 4 ئەفغانی، 3 ئەڵمانی، 3 بەریتانی.

لە ئێرانیش، حەسەن ڕەزائی سەرۆکی کۆمیتەکانی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ئاسمانی لە دەزگای فڕۆکەوانی سیڤیلی ئێران ڕەتیکردەوە فڕۆکەکە بە موشەک خرابێتە خوارێ و گوتی ئەگەر فڕۆکەکە موشەکی بەربکەوتایە هەر لە ئاسماندا دەتەقیـیەوە.

XS
SM
MD
LG