Accessibility links

هێزەکانی ئۆکرانیا لە بەڕیتانیا مەشق دەکەن


ژمارەیەکی کەم لە هێزەکانی ئۆکرانیا بۆ یەکەمین جار لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە بەڕیتانیا مەشق دەکەن، لەکاتێکدا سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن پشتیوانییە سەربازییەکانی بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا لە شەڕەکەیدا دژی ڕووسیا زیاتر کردووە.

وتەبێژی سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا وتی هێزەکانی ئۆکرانیا مەشقی سەربازیی لەسەر ئەو ئوتومبێلە زریپۆشانە دەکەن کە بەڕیتانیا لەم مانگەدا بەخشیویەتی بە ئۆکرانیا.

وتەبێژەکە وتی بەڕیتانیا 120 ئوتومبێلی زریپۆش دەبەخشێت بە ئۆکرانیا، لەوانەش ئوتومبێلی ماستیف کە دەکرێت بۆ ئەرکە دیدەوانییەکانیش بەکاربهێندرێت، وتیشی بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانانان کۆمەڵێک کەلوپەلی سەربازیی دیکەیان داوە بە ئۆکرانیا کە ڕەنگە پێشتر سەربازانی ئۆکرانیا بەکارییان نەهێنابێتن.

وتەبێژەکە وتی " دەبێت مەشقییان پێبکرێت تاوەکو بتوانن بە باشترین شێوە بەکاریبهێنن."

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلدۆدیمیر زێلێنسکیدا دروست کردووە، زۆرجار بە تەلەفون قسەی لەگەڵ دەکات و سەردانی کیێڤ دەکات.

جێی ئاماژەیە سوپای بەڕیتانیا لە ساڵی 2014 ەوە دوای لەخۆگرتنی کرایمییە لەلایەن ڕووسیاوە، مەشق بە هێزەکانی ئۆکرانیا دەکات. هێزەکانی بەڕیتانیا لە مانگی دوودا لە ئۆکرانیا کشانەوە، ئەوەش لەبەر ئەوەی خۆیان بەدووربگرن لە ململانێیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هێزەکانی ڕووسیادا و ئەگەری ئەوەی ناتۆ ڕابکێشرێتە ململانێکانەوە.

لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، بەڕیتانیا چەکی دژە کەشتی و دژە فڕۆکە و چەکی سوکی دژە تانکی داوە بە ئۆکرانیا، ئەو چەکانەش سوودییان هەبووە بۆ سەربازانی ئۆکرانیا لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئوتومبێلە زریپۆشەکانی ڕووسیادا.

ئەمەریکاش بە هەمان شێوە مەشق بە هێزەکانی ئۆکرانیا دەکات لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی تۆپهاوێژی هاویتزەر و بەڕیتانیاش لە پۆڵەندا مەشق بە هێزەکانی ئۆکرانیا دەکات لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی چەکی دژ بە فڕۆکەکان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG