Accessibility links

هێزەکانی ئۆکرانیا بەرەو ڕۆژهەڵاتی کیێڤ پێشڕەوی دەکەن


بەڕیتانیا دەڵێت هێزەکانی ئۆکرانیا پێشڕەوی دەکەن بەرەو ڕۆژهەڵاتی کیێڤی پایتەخت و شارۆچکەکانی ناوچەکە کۆنتڕۆڵ دەکەنەوە، ئەمەش لەکاتێکدا هێزەکانی ڕووسیا کە هەوڵیاندەدا کیێڤ بگرن بۆ دواوە دەکشێنەوە.

مانگێک دوای دەستپێکردنی هێرشەکانیان بۆ سەر ئۆکرانیا، هێزەکانی ڕووسیا تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە هیچ شارێکی گەورەی ئۆکرانیا بگرن. وڵاتانی ڕۆژئاواش دەڵێن ئەم ئەرکەی ڕووسیا بۆ لەکارلابردنی حکومەتەکەی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکییە.

هێزەکانی ڕووسیا چەند هەفتەیەکە پێشڕەوییەکانیان ڕاگیراون و لە باکووری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتەوە هەڕەشە لە کیێڤ دەکەن. بەڵام هەواڵگری بەڕیتانیا دەڵێت هێرشە پێچەوانەکانی ئۆکرانیا ڕووسییەکانیان ناچار کردووە بۆ دواوە بکشێنەوە.

هەواڵگرییەکە دەڵێت " هێرشە پێچەوانەییەکانی ئۆکرانیا و کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیا بۆ دواوە، وایکردووە ئۆکرانیا بەدرێژایی 35 کم بەرەو ڕۆژهەڵات شارۆچکەکان بگرێتەوە."

وتیشی ڕەنگە هێزەکانی ئۆکرانیا لە باکووری ڕۆژئاواشەوە هێزەکانی ڕووسیا ناچار بکەن بکشێنەوە دواوە، هاوکات لە باشوورەوە ڕووسیا هێشتا دەتوانێت پلان دابنێت بۆ هێرشکردنە سەر شاری ئۆدێسا، ئەوەش دوای ئەوەی دەستبەرداری هەوڵەکانی بوو بۆ گرتنی میکۆلایڤ.

هێزەکانی ڕووسیا بەهۆی شکستیانەوە لە گرتنی شارە گەورەکانی ئۆکرانیا، پەنایان بردۆتە بەر بۆردومانکردن و ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی دژی شارەکانی ئۆکرانیا. شاری ماریوپۆڵ لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لەژێر گەمارۆدایە، دەیان هەزاران کەس هێشتا لەناو شارەکەدا بەبێ خۆراک و دەرمان و کارەبا و گەرمی گیرییان خواردووە.

وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕەتیان کردۆتەوە هێز ڕەوانەی ئۆکرانیا بکەن و داواکەی ئۆکرانیایان بۆ دامەزراندنی ناوچەی دژە فڕین ڕەت کردۆتەوە، بەڵام سەدان موشەکی دژە تانک و دژە فڕۆکەیان داوە بە ئۆکرانیا، ئەمەش یارمەتی ئۆکرانیایداوە لە ڕاگرتنی کاروانە سەربازییەکانی ڕووسیا، هەروەها بەهۆی موشەکە دژە فڕۆکەکانەوە ڕێگەیان نەداوە ڕووسیا ئاسمانی ئۆکرانیا داگیربکات.

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا وتی واشنتن و هاوپەیمانان کاردەکەن لەسەر دابینکردنی چەکی دژە کەشتی بۆ ئۆکرانیا بۆ پاراستنی کەناراوەکانی ئۆکرانیا. ڕۆژی پێنجشەممە هێزەکانی ئۆکرانیا وتیان کەشتیەکی ڕووسیایان لە بەندەرێکی داگیرکراودا کردۆتە ئامانج و تەقاندوویانەتەوە.

بەرپرسانی ئەمەریکا بە ڕۆیتەرزیان وت موشەکە ورد بڕەکانی ڕووسیا بە ڕێژەی لەسەدا 60 شکستیان هێناوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG