Accessibility links

سەرۆکی ئۆکرانیا سوورە لەسەر کۆبوونەوە لەگەڵ پوتندا


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی ڕێی تێناچێت گفتوگۆ لەسەر کۆتایی هێنان بە جەنگەکە بکرێت ئەگەر لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا کۆنەبیتەوە.

زێلێنسکی وتی لەو جۆرە کۆبوونەوەیەدا دەکرێت تاوتوێی ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیا بکرێت، بەڵام کاتی زۆری دەوێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

هاوکات دووبارە جەختی لەوە کردەوە لە ئێستادا ئۆکرانیا ناتوانێت ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.

زێلێنسکی لە چاوپێکەوتنێکدا وتی " باوەڕم وایە هەتاوەکو لەگەڵ سەرۆکی فیدراسیۆنی ڕووسیادا کۆنەبینەوە ناتوانیت بەڕاستی لەوە تێبگەیت ئەوان چییان ئامادە کردووە بۆ ڕاگرتنی جەنگەکە و چیشیان ئامادە کردووە بۆ ئەوەی لە کاتێکدا کە ئێمە ئامادە نەبین بۆ سازدان."

ماوەی نزیکەی ساڵێکە زێلێنسکی داوای کۆبوونەوەیەک دەکات لەگەڵ پوتندا، بەڵام پوتن ڕەتی کردۆتەوە لەگەڵیدا کۆببێتەوە و لەجیاتی ئەوە داوای کردووە سەرۆکی ئۆکرانیا " شەڕی ناوخۆی " وڵاتەکەی لەگەڵ جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیادا چارەسەر بکات کە لەلایەن ڕووسیاوە پشتیوانیان لێدەکرێت.

لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە دژی ئۆکرانیا، زێلێنسکی چەند جارێک داوای کردووە گفتوگۆ بکرێت بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە.

زێلێنسکی وتی " من ئامادەم لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیادا کۆببمەوە بۆ تاوتوێکردنی بابەتەکانی ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیا، بەڵام من دڵنیام لەو کۆبوونەوەیەدا چارەسەر نادۆزینەوە."

وتی بەڵام کۆمەڵێک حاڵەت هەن دەتوانین پێش مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو بابەتانەدا چارەسەرییان بکەین، لەوانەش ئاگربەست و کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیا و پێدانی گرەنتییەکی ئاسایش بە ئۆکرانیا.

وتی " ئەگەر خەڵکەکە هەوڵی ڕاگرتنی جەنگەکە بدەن، ئاگربەست دەبێت و هێزەکانیش دەکشێنەوە. دوو سەرۆکەکە کۆدەبنەوە و دەگەنە ڕێکەوتنێک بۆ کشانەوەی هێزەکان و گرەنتی ئاسایشیش دەبێت. دەبێت سازدان بکرێت، بە هەرشێوەیەک بێت سازدان بکرێت بۆ ئاسایشمان."

زێلێنسکی وتی ئۆکرانیا بەباشی ئاگادارە کە ناتوانێت لە ئێستادا ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا. وتی " لەوە تێبگەن وڵاتانی ناتۆ نایانەوێت لەگەڵ ڕووسیادا شەڕ بکەن بۆیە ناتوانن وەکو ئەندام وەرمان بگرن، دەبێت لەگەڵ ئەو ڕاستیەدا بژین و بڵێین باشە، بەڵام گرەنتی ئاسایشی دیکەمان دەوێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG