Accessibility links

زیلینسکی دەڵێت ئۆکرانیا وەڵامی کارە وروژێنەرەکانی ڕووسیا ناداتەوە


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی وتی ئەو هەواڵانەی کە گوایە هێزەکانی ئۆکرانیا بۆردومانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی جیاخوازەکان و سنووری ڕووسیایان کردووە " درۆن ". وتیشی وڵاتەکەی وەڵامی کارە وروژێنەرەکانی ڕووسیا ناداتەوە.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی لەبەردەم بەرپرسانی ئاسایشی کۆنفرانسی ساڵانەی ئاسایشی میونخ ئەم لێدوانانەیدا، لەکاتێکیشدا بوو هەواڵ هەبوون لەسەر ڕوودانی تەقینەوە لەناو ناوچەکانی ڕووسیادا لەودیوی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی جیاخوازەکان لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا.

زیلینسکی وتی " ئەوەی دوێنێ لە ناوچە داگیرکراوەکان پیشاندرا، ئەوەیە کە گوایە هاوەن لەلایەن ئێمەوە هەڵدراوە، هەندێکیان گەیشتوونەتە ڕۆستۆڤی ڕووسیا، ئەمانە هەمووی درۆن. ئەوان خۆیان شت لەلای خۆیانەوە دەتەقێننەوە."

هەروەها داواشی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کرد چاوەڕێی ئەگەری داگیرکاری ڕووسیا نەکەن و سزاکان بسەپێنن بەسەر مۆسکۆدا.

ڕووسیا نزیکەی 150,000 سەربازی لەنزیک سنوورەکانی ئۆکرانیا جێگیرکردووە و دەڵێت لەپێناو ئاسایشی خۆیدا پێویستی بەوەیە ڕۆژئاوا هەرگیز ڕێگە نەدات ئۆکرانیا ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.

لەلایەکی دیکەوە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کاملا هێرس لە هەمان کۆنفرانسدا وتی " سنوورە نێودەوڵەتیەکان نابێت لەڕێی بەکارهێنانی هێزەوە بگۆڕدرێن."

هێرس وتی " یەکگرتووانە سزای ئابووریمان ئامادەکردووە کە خێرا و توند دەبن، دامەزراوە دارایی و پیشەسازییە سەرەکییەکانی ڕووسیا دەکەینە ئامانج."

هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک دوای کۆبوونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا وتی " هێشتا مێژوو نەنوسراوەتەوە، دەرگایەکی چوونە دەرەوە هەیە کە حکومەتی ڕووسیا دەتوانێت لە هەر کاتێکدا بێت هەڵیبژێرێت."

وتی " پەیامەکەی ئێمە بۆ ئەوا زۆر ڕوونە: ئەم هەڵە کوشندەیە مەکەن، هێزەکانتان بکشێننەوە.. با قسە بکەین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG