سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی دەڵێت " پێشبینی دوژمنکاریی زیاتری ڕووسیا دەکەین " لەم هەفتەیەدا کاتێک ڕابەرانی یەکێتی ئەوروپا تاوتوێی ئەوە دەکەن کە ئایا پشتیوانی لە کاندیدبوونی ئۆکرانیا دەکەن بۆ ئەندامێتی لە یەکێتییەکەدا یاخود نا.
زێلێنسکی گوتی " نەک تەنها دژی ئۆکرانیا، بەڵکو دژی وڵاتانی دیکەی ئەوروپاش. ئامادەکاری دەکەین. ئامادەین، هۆشداری دەدەینە هاوبەشەکانمان."
هەفتەی ڕابردوو کۆمسیۆنی ئەوروپا پێشنیاری کرد پشتیوانی لە کاندیدبوونی ئۆکرانیا بکرێت بۆ ئەندامێتی لە یەکێتی ئەوروپادا. ڕۆژی پێنجشەممە و هەینی 27 ئەندامەکەی یەکێتی ئەوروپا لەمیانەی کۆبوونەوەکەیاندا تاوتوێی پرسەکە دەکەن و دەنگ دەدەن لەسەری.
جێی ئاماژەیە پڕۆسەی بوون بە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپادا ڕەنگە چەند ساڵێک بخایەنێت.
زێلێنسکی گوتی " شەڕێکی توند لە دۆنباس بەردەوامە." هەرێمی دۆنباس هەریەک لە هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسک لەخۆدەگرێت و دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاوە، کە هێزەکانی ڕووسیا لەم چەند مانگەی ڕابردوودا سەنگی هێرشەکانیان خستۆتەسەری.
زێلێنسکی گوتی سەردانی هێزەکانی ئۆکرانیای کردووە لە هەرێمی میکۆلایڤی باشووری ئۆکرانیا. وتی " سوورن لەسەر ئەوەی دەیکەن. گومانیان لە سەرکەوتنمان نیە. باشوور نادەین بە هیچ کەس. هەموو ئەو ناوچانەمان دەگرینەوە کە ڕووسیا گرتوونی."
زێلێنسکی گوتی هێزەکانی ڕووسیا چەند بەشێکی هەرێمەکانی میکۆلایڤ و ئۆدێسایان وێران کردووە.