Accessibility links

زێلێنسکی دەڵێت دەکرێت گفتوگۆکان لەگەڵ ڕووسیا بە ئەرێنی ناودێر بکرێن


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی دەکرێت گفتوگۆکانی ئاشتی لەگەڵ ڕووسیادا بە ئەرێنی ناودێر بکرێن، بەڵام نەبوونەتە ڕاگرتنی بۆردومانەکانی ڕووسیا.

لە وتارێکدا زێلێنسکی ئاگاهیدا سەبارەت بە بەڵێنەکەی ڕووسیا بۆ کەمکردنەوەی هێرشەکانی لە هەندێک لە ناوچەکانی ئۆکرانیادا و وتی ئۆکرانیا بەرگرییەکانی کەم ناکاتەوە.

دوابەدوای گفتوگۆکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لە تورکیا، زێلێنسکی وتی کیێڤ هیچ هۆکارێکی نەبینیوە بۆ ئەوەی باوەڕ بە قسەکانی هەندێک لە نوێنەرانی ڕووسیا بکات.

وتی " دەتوانین بڵێین ئەو ئاماژانەی بینیمانن لە گفتوگۆکانەوە ئەرێنی بوون، بەڵام نەبوونەتە هۆی ڕاگرتنی بۆردومانەکانی ڕووسیا." وتیشی ئۆکرانیا تەنها متمانە بە ئەنجامێکی کرداری دەکات لە گفتوگۆکان.

لە ماوەی ڕابردوودا ڕووسیا بەڵێنیدا هێرشەکانی بۆ سەر کیێڤ کەم بکاتەوە.

زێلێنسکی وتی " سەرەڕای ئەم بەڵێنە، بارودۆخەکە ئاسان نەبۆتەوە، سوپای ڕووسیا هێشتا ئەگەرێکی زۆری هەیە بەردەوام بێت لە هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتەکەمان. لەبەر ئەوە ئێمە بەرگرییەکانمان کەم ناکەینەوە."

زێلێنسکی وتی هەر ڕێکەوتنێکی ئاشتی لەگەڵ ڕووسیادا دەبێت تیادا هێزەکانی ڕووسیا ئۆکرانیا جێبهێڵن، هەروەها هیچ سازدانێکیش ناکەین لەسەر سەروەری خاکی ئۆکرانیا.

هەروەها داوای سەپاندنی سزای توندتریشی کرد بەسەر ڕووسیادا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG