Accessibility links

سەرۆکی چین و زێلێنسکی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجام دەدەن


بۆ یەکەمین جار لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە، سەرۆکی چین شی جین پینگ و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لە ڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە گفتوگۆیان کرد.

چین دەڵێت بێلایەنە لە جەنگەکەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا، هەروەها شی تاوەکو ئێستا سەرکۆنەی داگیرکارییەکەی ڕووسیای نەکردووە، بەڵام لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە فشارێکی زۆری خراوەتە سەر تاوەکو نێوەندگری بکات لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا.

لە مانگی دوودا چین پێشنیارێکی ئاشتی بڵاوکردەوە بۆ ململانێکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، بەڵام زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا وتیان پێشنیارەکە لە بەرژوەندی ڕووسیادایە، لە مانگی سێشدا شی سەردانی مۆسکۆی کرد و لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا کۆبۆوە.

زێلێنسکی وتی " پەیوەندییەکی تەلەفونی درێژ و مانادارم لەگەڵ سەرۆک شی جین پینگدا ئەنجامداوە."

وتی " باوەڕم وایە ئەم پەیوەندییە تەلەفونییە و دەستنیشانکردنی باڵیۆزی ئۆکرانیاش لە چین، پاڵنەرێکی بەهێز دەبن بۆ گەشەکردنی پەیوەندییە دوو لایەنەکەی نێوانمان."

وتەبێژی زێلێنسکی، سێرگێی نیکیفۆرۆڤ وتی دوو سەرۆکەکە " لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا نزیکەی یەک کاتژمێر گفتوگۆیان کردووە."

کەناڵی سی سی تی ڤی چین وتی لە ماوەی پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا کە کیێڤ دەستپێشخەری بووە، شی بە زێلێنسکی وتووە " گفتوگۆ و دانوستان تەنها ڕێگەن بۆ دەرچوون لە جەنگەکە."

کەناڵەکە لە زاری شییەوە بڵاویکردەوە " لەسەر پرسی قەیرانی ئۆکرانیا، چین هەمیشە لە پاڵ ئاشتیدا وەستاوە و هەڵوێستی سەرەکیشی ئەوە بووە کە هانی گفتوگۆکانی ئاشتی بدات."

بەپێی پەیوەندییە تەلەفونییەکە، شی وتی " چین نە سەیری ئاگرەکە دەکات لەولاوە و نە بەنزینیش دەکات بە ئاگرەکەدا، سوودیش لە ململانێکە وەرناگرێت بۆ قازانجکردن."

شی وتی " کاتێک مامەڵە لەگەڵ پرسی ئەتۆمیدا دەکەیت، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان دەبێت ئارام بن و دان بە خۆیاندا بگرن، بە ڕاستیی سەنگ بخەنە سەر داهاتوو و چارەنووسی خۆیان و هەموو مرۆڤایەتیش، هەروەها پێکەوە مامەڵە لەگەڵ قەیرانەکەدا بکەن و کۆنتڕۆڵی بکەن."

چین وتیشی شاندێک و " نوێنەرێکی تایبەت " لە حکومەتەکەی دەنێرێت بۆ ئۆکرانیا، ئەوەش بە ئامانجی دۆزینەوەی " چارەسەرێکی سیاسیی " بۆ ململانێکە.

یو جونی وەزارەتی دەرەوەی چین وتی " ئۆکرانیا دەستپێشخەری کردووە بۆ ئەنجامدانی پەیوەندییە تەلەفونییەکە." زێلێنسکی چەند جارێک ئاماژەی بەوەدا بوو کە دەیەوێت گفتوگۆیەکی کراوە لەگەڵ سەرۆکی چیندا ئەنجام بدات.

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا وەکو کاردانەوەیەک بۆ پەیوەندییە تەلەفونییەکە وتی " بەرپرسانی ئۆکرانیا و چاودێرە ڕۆژئاواییەکانیان پێشتر توانای خۆیان پیشان داوە بۆ تێکدانی هەر دەستپێشخەرییەکی ئاشتی."

مۆسکۆ ئاماژەی بە " ئامادەیی چیندا بۆ هەوڵدان بۆ دروستکردنی پڕۆسەیەکی دانوستان."

لەلایەکی دیکەوە ئەمەریکا پەیوەندییە تەلەفونییەکەی بە " شتێکی باش " ناوبرد.

وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جۆن کیربی بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ئێستا، ئایا ئەمە دەبێتە هۆی جووڵەیەکی ماناداری ئاشتی، پلانێک یاخود پێشنیارێک، لە ئێستادا پێم وانیە بزانین."

یەکێتی ئەوروپاش پێشوازی لە گفتوگۆکان کرد. وتەبێژی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئێریک مامەر وتی " هەنگاوێکی یەکەمی گرنگە کە لە مێژە دواکەوتووە لەلایەن چینەوە بۆ جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییەکانی وەکو ئەندامێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG