Accessibility links

ئۆکرانیا: ئەرکەکەی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی دەبێت ببێتە هۆی کۆتایی هێنان بە داگیرکاری ڕووسیا لە وێستگەکەدا


پێترۆ کۆتین
پێترۆ کۆتین

سەرۆکی دەزگای ناوەکی دەوڵەتی ئۆکرانیا دەڵێت زۆر گرنگە ئەرکەکەی پشکنەرانی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا ببێتە هۆی کۆتایی هێنان بە داگیرکاری ڕووسیا لە وێستگەکەدا و داوای ئەرکی نوێی کرد لە وێستگەکەدا، لەوانەش بوونی هێزەکانی ئاشتی پارێزی نەتەوە یەکگرتووکان لە وێستگەکەدا.

دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو پشکنەرانی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ئەرکێکیان لە وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا دەستپێکرد، دەزگاکە ڕاپۆرتێک لەسەر پشکنینەکانی ئامادە دەکات. وێستگەکە لە مانگی سێدا لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە کۆنتڕۆڵ کرا، بەڵام تاوەکو ئێستا کارمەندانی ئۆکرانیا بەڕێوەی دەبەن. ڕووسیا و ئۆکرانیاش یەکترییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی بۆردومانکردنی وێستگەکە و ناوچەکانی دەوروبەری، ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی سەبارەت بە ئەگەری ڕوودانی کارەساتێکی ئەتۆمی لە وێستگەکەدا.

لە ئێستادا دوو شارەزای دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی لە وێستگەکەی باشووری ئۆکرانیادا دەمێننەوە کە گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبایە لە ئەوروپادا.

سەرۆکی کۆمپانیای ناوەکی ئینەرگۆتۆمی سەر بە دەوڵەتی ئۆکرانیا پێترۆ کۆتین لە چاوپێکەوتنێکدا بە ڕۆیتەرزی وت دامەزراندنی ئەرکێکی هەمیشەیی " هەنگاوێکی باش " بوو، بەڵام " ڕەگی کێشەکە " هێشتا ماوە لەکاتێکدا کە هێزەکانی ڕووسیا کۆنتڕۆڵی وێستگەکەیان کردووە.

گوتی " لەڕاستیدا پێویستمان بە ئەنجامەکانی ئەم ئەرکەیە. ئەم ئەنجامانە دەبێت هەموو بارودۆخەکە چارەسەر بکەن، کۆتایی هێنان بە داگیرکردنی وێستگەکە. ئەگەر بەو شێوەیە نەبێت، ئەوا دەبێت ئەنجامێکی کردارییمان دەست بکەوێت."

گوتیشی بارودۆخی وێستگەکە " زۆر مەترسیدارە " و بێپێشینەیە، ئەوەش بەهۆی کەمبوونەوەی ئەو هێڵانەی کارەباوە کە وێستگەکە دەبەستنەوە بە سیستمی کارەبای ئۆکرانیاوە. وتیشی کیێڤ پێشبینی دەکات زیاد لە دەربڕینی نیگەرانی لە دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتییەوە دەست بکەوێت.

کۆتین گوتی " ئەمە بارودۆخێکی تایبەتە، سەرجەم شارەزایان و سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی ڕافایل گرۆسی خۆشی ئەوە تێدەگەن کە پێویستە چی بکرێت بۆ کۆتایی هێنان بە داگیرکردنی وێستگەکە. بەهۆی سروشتی ئەرکەکەیانەوە هێشتا ناتوانن ڕاستەوخۆ پێشنیاری ئەمە بکەن."

دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی دەڵێت سروشتی ئەرکەکەیان لە وێستگەکە تەکنیکییە.

چەند کاتژمێرێک دوای لێدوانەکانی کۆتین، کۆمپانیای ئینەرگۆتۆم وتی شەشەمین و دوایین ڕیاکتەری چالاکی وێستگەکە لە سیستمە کارەباییەکەی دابڕاوە، وتیشی بەهۆی بۆردومانەکانی ڕووسیاوە بووە.

کۆتین گوتی زۆر خراپ دەبێت بۆ ئۆکرانیا ئەگەر ئەم زستانە بەبێ وێستگەکە بەڕێبکات، پێش جەنگەکە وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا زیاتر لە یەک لەسەر پێنجی کارەبای ئۆکرانیای دابین کردووە.

گوتی " ئەگەر وێستگەی ناوەکی زاپۆریژات نەبێت، زستانێکی زۆر مەترسیدار دەبێت. پێویستمان پێیەتی."

جێی ئاماژەیە ئۆکرانیا سێ وێستگەی ناوەکی بچووکتری هەیە کە بە هەمان شێوە کارەبای ئۆکرانیا دابین دەکەن.

کۆتین داوای زیادکردنی ژمارەی پشکنەرانی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی کرد لە وێستگە ناوەکییەکە. وتی " بوونی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکەی وەکو ئاشتی پارێزانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی دیکە لە یەکێتی ئەوروپاوە یارمەتیدەر دەبن لە دابینکردنی دیدێکی سەربەخۆ لەسەر ئەوەی لەوێ چی ڕوودەدات، لە کۆتاییشدا لابردنی ئەم داگیرکەرانە لە وێستگەکەدا."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG