Accessibility links

کیێڤ: ئۆکرانیا چەکی زیاتری ئەمەریکی و ئەڵمانی وەردەگرێت


وەزیری بەرگری ئۆکرانیا ئۆلێکسی ڕێزنیکۆڤ و وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن
وەزیری بەرگری ئۆکرانیا ئۆلێکسی ڕێزنیکۆڤ و وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن

وەزیری بەرگری ئۆکرانیا دەڵێت ئۆکرانیا سیستمی موشەکی جۆراوجۆری ئەمەریکی و ئەڵمانی وەرگرتووە، ئەمەش وەکو بەشێک لەو کۆمەڵە چەکە قورس و مەودا درێژانەی کە هاوپەیمانەکانی بەڵێنیان داوە بە ئۆکرانیای بدەن.

حکومەتی کیێڤ چەند جارێک داوای لە ڕۆژئاوا کردووە تۆپهاوێژی مەودا درێژ بدەن بە ئۆکرانیا، لە کاتێکدا کە وڵاتەکە هەوڵ دەدات ئاڕاستەی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بگۆڕێت و هێرش بکاتە سەر هێڵی دابینکردنی پێویستییەکان و کۆگاکانی تەقەمەنی سوپای ڕووسیا.

مۆسکۆ وڵاتانی ڕۆژئاوای بە تۆمەتی درێژکردنەوەی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا تۆمەتبار کردووە، ئەوەش لەڕێی پێدانی چەکی زیاترەوە بە ئۆکرانیا، هەروەها دەڵێت دابینکردنی چەکی مەودا درێژتر بە ئۆکرانیا ڕەوایی دەدات بە هەوڵەکانی ڕووسیا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خاکی زیاتری ئۆکرانیا لە پێناو پاراستنی خۆیدا.

وەزیری بەرگری ئۆکرانیا ئۆلێکسی ڕێزنیکۆڤ گوتی ئۆکرانیا چوار سیستمی موشەکی هیمارسی ئەمەریکی وەرگرتووە.

ڕێزنیکۆڤ گوتی " سوپاسگوزاری سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن و خەڵکی ئەمەریکام بۆ پتەوکردنی سوپای ئۆکرانیا."

سیستمی موشەکی هیمارس مەودایەکی درێژتری هەیە لە چەکەکانی ئۆکرانیا کە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی یەکێتی سۆڤییەت، هەروەها ڕێگە دەدەن بە ئۆکرانیا ئەو ئامانجانەی ڕووسیا بپێکێت کە پێشتر نەیتوانیوە بیانگاتێ.

بەپێی شارەزایان، لە ئێستادا ئۆکرانیا دوانزە سیستمی موشەکی هیمارس بەکاردەهێنێت. سوپای ئۆکرانیا سێ سیستمی موشەکی مارس ئێم ئێڵ ئاڕ ئێسی ئەڵمانی وەرگرتووە کە هاوشێوەی سیستمی موشەکی ئێم 270 ی ئەمەریکییە. لە 26 ی مانگی حەوتدا وەزیری بەرگری ئەڵمانیا کریستینا لامبرێخت ئەو یارمەتییە سەربازییەی بۆ ئۆکرانیا ڕاگەیاند.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG